داعش 150 مەسیحى لە سووریا دەڕفێنێت
بەسام ئیسحاق، سەرۆکى ئەنجوومەنى سریانى نیشتمانى سووری رایگەیاند: "بەپێى دوایین زانیارییەکان چەکدارانى داعش لە گوندێکى باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا نزیکەى 150 مەسیحییان رفاندووە، کە ژن و منداڵ و پەککەوتەشیان تێدایە".
پێشتريش رووانگەی ئاشووری بۆ مافەکانى مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، چەکدارانى داعش لە گوندەکانى رۆژئاواى پارێزگاى حەسەکە ژمارەیەک مەسیحییان رفاندووە.
هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا سەرکۆنەى رفاندنى مەسیحییەکانی پارێزگاى حەسەکەى کردو داوایکرد بێ مەرج رفێندراوەکان ئازادبکرێن.
جین ساکى، گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا گوتى: "بەئامانجکردنى مەسیحییەکان لەلایەن رێکخراوى داعش بەڵگەیەکى ئاشکرایە لەسەر مامەڵەکردنى نامرۆڤانەو دڕندانەى ئەو رێکخراوە لە بەرامبەر هەموو ئەو لایەنانەى لەگەڵ بیروباوەڕو ئامانجەکانى ناکۆکن". گوتیشی: "رۆژانە خەڵکی سووریا رووبەڕووى هەڕەشەى تەقینەوەو هێرشی ئاسمانى چڕى فڕۆکە جەنگییەکانى رژێمى ئەسەد دەبنەوە".
یەکشەممەى رابردوو لە باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا بە پاڵپشتى فڕۆکە جەنگییەکانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى و هێزەکانى پێشمەرگە، شەڕڤانانى کورد ژمارەیەک هێرشیان بۆ سەر بنکەو بارەگاکانى چەکدارانى داعش لە سووریا ئەنجامدا.
رووداو