قەتەر، ئەمریکا دڵنیادەکاتەوە

 قەتەر، ئەمریکا دڵنیادەکاتەوە
قەتەر دووپاتیکردەوە، کە لە جەنگی دژ بە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) بەجدیی بەشداریی دەکات و هاوکاریی هەڵمەتی هاوپەیمانێتی نیودەوڵەتی بۆ تێکشکانی ئەو رێکخراوە دەکات.

ئاژانسەکانی هەواڵ لە ئەمریکاوە بڵاویانکردەوە، کە لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن، شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی ئەمیری قەتەر لەکاتی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردووەتەوە، قەتەر پەیوەستە بە هەوڵە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ لەناوبردنی داعش،

ئەمە لەکاتێکدایە چەندینجار قەتەر بە هاوکاریکردنی دارایی گرووپی داعش و گروپە تووندڕەوکانی دیکە تۆمەتبارکراوە و هەندێک جاریش قەتەر وەک سەرچاوەیەکی دارایی بۆ داعش وەسفکراوە، بەڵام ئەمریکا تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی لەو بارەیەوە نەبووە و سەرکردەکانی ئەمریکاش ئامادەنەبوون لێدوان لەو بارەیەوە بدەن.

هەروەها باراک ئۆباما هەر لەو کۆبوونەوەیدا ئەوەی دووپاتکردووەتەوە، کە قەتەر هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی ئەندام لە هاوپەیمانێتیەکە دژایەتی داعش دەکات و لەو چوارچێوەیەشدا هاوکاری هەوڵەکانی ئەمریکا دەکات بۆ راهێنان و هاوکاریکردنی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا.







رووداو
Top