رێککەوتنی واشنتن -ئەنکەرە: راهێنانی تایبەت بە هەزار پێشمەرگە

 رێککەوتنی واشنتن -ئەنکەرە: راهێنانی تایبەت بە هەزار پێشمەرگە
رێککەوتنی نێوان واشنتن و ئەنکەرە بۆ راهێنان و ئامادەکردنی هێزە میانڕەوەکانی سووریا، پێشمەرگە دەگرێتەوە.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو تورکیا و ئەمریکا بە فەرمی واژۆی رێککەوتنێکیان کرد بۆ راهێنان و ئامادەکردنی هێزە میانڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا. هەرچەندە نێوەڕۆکی رێککەوتنەکە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دزەیانکردووەتە نێو میدیاکان، رێککەوتنەکە پێشمەرگەی کوردستانیش دەگرێتەوە.

بڕیارە هێزە تایبەتەکانی تورکیا لە خاکی وڵاتەکەیان راهێنان بە هەزار پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بکەن.

میدیاکانی تورکیاش بڵاویانکردەوە کە لە دوایین سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەنکەرە لەلایەن ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەو بابەتە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کوردستان باسکراوە.

مەولوود چاوش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "ئەو هێزانەی تورکیا راهێنانیان پێدەکات بۆ شەڕە لە دژی داعش و ئەسەد".

بۆ شەڕی ئەسەدیش، ئەنکەرە راهێنان بە هێزێکی تایبەتی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەکات و حەلەبیش دەکاتە سەنتەری راهێنانەکە.

ئەمریکا بڕیاریداوە کە 8.8 ملیار دۆلار وەک پشتیوانی لە راهێنانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا تەرخان بکات.









رووداو
Top