ئاشتن كارته‌ر ئه‌مڕۆ ده‌بێته‌ وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا

 ئاشتن كارته‌ر ئه‌مڕۆ ده‌بێته‌ وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا
له‌كاتێكدا بارودۆخی به‌فراویی كه‌شوهه‌وا ده‌بێته‌هۆی داخستنی زۆربه‌ی دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی ئه‌مریكا، رۆژی سێشه‌ممه‌ وه‌زیرێكی به‌رگری نوێ له‌ ئه‌مریكا ده‌ستبه‌كارده‌بێت تا رووبه‌ڕووی چه‌ندین قه‌یرانی جیهان ببێته‌وه‌ له‌ ئۆكرایناوه‌ بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه‌ تێیدا ئه‌مریكا له‌ شه‌ڕێكی كۆتایی نادیاردایه‌ دژی گه‌وره‌ترین رێكخراوی "تیرۆریست"ی جیهان: ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (ناسراو بە داعش).

هه‌ندێك پسپۆڕ بڕوایان وایه‌ كارته‌ر، کە ئه‌ندامی هه‌مان پارته‌كه‌ی ئۆبامایە (دیموكرات)، كه‌سێكی تووندتر ده‌بێت له‌ چەک هەیگڵ وه‌زیر‌ی پێشووی بەرگریی، كه‌ ئه‌ندامی پارتی كۆمارییه‌كانه‌.

ئیشای شوارتز، رۆژنامه‌نووسێكی گۆڤاری نیووریپه‌بلیك كه‌ له‌سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ و سه‌ربازی ئه‌مریكا ده‌نووسێت، به‌ (تۆڕی میدیایی رووداو)ی گوت‌ "چه‌ند ئاماژه‌یه‌ك هه‌ن كه‌ كارته‌ر زیاتر كه‌سێكی هه‌ڵۆیی ده‌بێت له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی داعش". به‌ڵام شوارتز تێبینی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ كارته‌ر، وه‌كو كه‌سێك كه‌ دكتۆرای له‌ زانكۆی ناوداری به‌ریتانیا ئۆكسفۆرد به‌ده‌ستهێناوه‌، خاوه‌نی سیڤییه‌كه‌ كه‌ زیاتر كاری له‌سه‌ر بابەتە‌كانی تایبه‌ت به‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌تی تێدایه‌ وه‌ك له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. ئه‌مه‌ش وادیاره‌ له‌ رووانگه‌ی ئیداره‌ی ئۆباماوه‌ كارته‌ری كردۆته‌ كه‌سێكی شیاوتر له‌ وه‌زیره‌كه‌ی پێش خۆی بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ قه‌یرانی ئۆكراینا و رووسیا.

كارته‌ر، كه‌ كۆنگرێسی ئه‌مریكا مانگی رابردوو په‌سه‌ندی كرد تا به‌هێزترین پۆستی پنتاگۆن وه‌ربگرێت، كاژێر ١١ ی به‌یانی رۆژی سێشه‌ممه‌ به‌كاتی واشنتنی پایته‌ختی ئه‌مریكا به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی ئه‌مریكا، باراك ئۆباما و جێگری سه‌رۆك جۆ بایدن، مه‌راسیمی سوێندخواردنه‌كه‌ی ئه‌نجامده‌ده‌رێت.

له‌ مانگی ئابی ٢٠١٤ ه‌وه‌ ئه‌مریكا یه‌كێك بووه‌ له‌ پاڵپشتیكه‌رانی سه‌ربازیی كورد دژی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی. به‌ڵام به‌رپرسانی باشووری كوردستان ناڕه‌زاییان به‌رامبه‌ر ئیداره‌ی ئۆباما ده‌ربڕیوه‌، كه‌ چه‌كه‌كانیان راسته‌وخۆ به‌ پێشمه‌رگه‌ ناده‌ن و به‌پێی پێویست نین.

هه‌رچه‌نده‌ كارته‌ر ئه‌زموونێكی زۆری له‌ دابینكردنی چه‌كدا هه‌یه‌، چاوه‌ڕوان ناكرێت خودی هه‌ڵبژاردنی ئه‌و كاریگه‌ریی به‌سه‌ر پێگه‌ی سیاسی ئه‌مریكادا بهێنێت به‌رامبه‌ر كورد.

كاتێك مانگی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٤ هه‌واڵی بوونی كارته‌ر به‌ وه‌زیری به‌رگری بڵاوبووه‌وه‌، رووداو له‌ دیدارێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ ریچارد هاس، سه‌رۆكی كاریگه‌رترین دامه‌زراوه‌ی توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، گوتی: "سیاسه‌ت ته‌نیا ئه‌وكاته‌ ده‌گۆڕێت كه‌ سه‌رۆك خۆی بیه‌وێت. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ له‌و پێگه‌یه‌دا نییه‌ كه‌ پێداگریی بكات یاخود بۆچوونی خۆی فه‌رزبكات له‌سه‌ر هیچ ستراتێژێك".

هاس گوتیشی، "ره‌نگه‌ سیاسه‌تێكی نوێی ئه‌مریكا ببینین له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌هۆی گۆڕانكارییه‌وه‌ نییه‌ كه‌ له ‌سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا رووده‌دات".

ستراتیژی ئۆباما دژی داعش ره‌خنه‌یه‌كی زۆری لێگیراوه‌ به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد كه‌ ده‌ڵێن ئه‌مریكا چه‌كی پێویستیان پێنادات تا به‌سه‌ر داعشدا زاڵ بن.

راند پۆڵ، ئه‌ندامێكی كۆنگرێسی ئه‌مریكا، هه‌فته‌ی رابردوو له‌ دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی فۆكس نیوز گوتی، “یه‌كێك له‌و شتانه‌ی ده‌كرێت بیكه‌ین ئه‌وه‌یه‌ راسته‌وخۆ چه‌ك به‌ كورد بده‌ین. من پاڵپشتی ئه‌وه‌ ده‌كه‌م. ئێستا ئێمه‌ له‌ ڕێگه‌ی حكومه‌تی شیعه‌ی به‌غداوه‌ چه‌كه‌كان ده‌نێرین و ئه‌مه‌ش منی نیگه‌ران كردووه‌ كه‌ چه‌كه‌كان به‌ته‌واوی ناگه‌نه‌ ده‌ستی كورد.”

پۆڵ پێشنیازیكرد ئه‌مریكا لانیكه‌م ئه‌و چه‌كانه‌ی پێویستی نییه‌ بۆ كوردی بنێرێت و گوتی “ئێستا ئێمه‌ چه‌كه‌كانمان له‌ ئه‌فغانستان تێكده‌شكێنین. ره‌نگه‌ پێویست بێت بیر له‌وه‌بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌و چه‌كانه‌ ئه‌گه‌ر چیدیکە له‌ ئه‌فغانستان به‌كاریان ناهێنین، بیانگوازینه‌وه‌ بۆ كورد".

شوارتز هاوڕایه‌ له‌گه‌ڵ ریچارد هاسدا كه‌ وه‌زیری به‌رگری نوێ رۆڵی “راوێژكار” ده‌بینێت بۆ سه‌رۆك نه‌ك “بڕیارده‌ر” له‌ جیاتی ئه‌و، به‌ڵام ده‌ڵێت ئه‌و راوێژانه‌ی پێشكه‌شی سه‌رۆكی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ده‌كات ده‌كرێت كاریگه‌ری خۆی هه‌بێت.

كورد هیواداره‌ یه‌كێك له‌و راوێژانه‌ بریتی بێت له‌ رازیكردنی ئه‌مریكا بۆ به‌هێزكردنی هاوپه‌یمانی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ كورددا، له‌كاتێكدا داعش زیاتر له‌ هه‌ر هێزێكی پێش خۆی، سنووره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی مۆدێرنی سڕیوه‌ته‌وه‌.









رووداو
Top