عه‌بدولفه‌تاح سیسی: بكوژانی قبتییه‌كان به‌ سزای خۆیان ده‌گه‌یه‌نین

عه‌بدولفه‌تاح سیسی: بكوژانی قبتییه‌كان به‌ سزای خۆیان ده‌گه‌یه‌نین
دوای ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی تیرۆریستی داعش له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ 21 قبتی میسری له‌ كه‌ناری ته‌رابلوسی پایته‌ختی لیبیا له‌ سێداره‌دا ، عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌رۆكی میسر به‌ڵێنیدا كه‌ بكوژانی ئه‌و قوبتییانه‌ی میسر له‌ لیبیا به‌ سزای عادیلانه‌ی خۆیان ده‌گه‌ن و روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ میسر ئه‌و مافه‌ی هه‌یه‌ كه‌ چۆن و به‌ چ شیوازێك و له‌ چ كاتێك وه‌ڵامی ئه‌و بكوژانه‌ ده‌داته‌وه‌ .

له‌ وتارێكی ته‌له‌ڤزیۆنیدا سیسی رایگه‌یاند كه‌ بانگهێشتی ئه‌نجومه‌نی به‌رگری نیشتیمانیم كردووه‌ كه‌ ده‌ستبه‌جێ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام چاوه‌دێری پێشهاته‌كان بكات و بڕیاری پێویست و رێوشوێنی به‌ په‌له‌ وه‌ربگرێت .

گوتیشی له‌و ساته‌وه‌ هه‌موومان هه‌ست به‌ ناره‌حه‌تی و خه‌م و توره‌یی ده‌كه‌ین و ئه‌و تیرۆره‌ی كه‌ به‌رۆكی هاووڵاتیانی میسری گرتووه‌ ، هه‌مان ئه‌و تیرۆره‌یه‌ كه‌ ته‌واوی جیهانی گرتۆته‌وه‌ .

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ میسر و ته‌واوی وڵاتانی جیهان له‌ شه‌رێكی به‌رده‌وامی رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كانن و ئێستاش كاتی ئه‌وه‌یه‌ به‌بێ دووفاقی مامه‌ڵه‌ی له‌ گه‌ڵ بكه‌ین و میسریش شكستی به‌ تیرۆریستان هێناوه‌ و توانای ئه‌وه‌شی هه‌یه‌ له‌ناوی ببات و به‌مه‌ش به‌رگری له‌ مرۆڤایه‌تی ده‌كات .

سیسی داوای كرد كه‌ گه‌شتكردنی هاوولاتیانی میسر بۆ لیبیا قه‌ده‌غه‌ بكرێت و ئه‌وانه‌ی له‌و وڵاته‌شن بگه‌رێنه‌وه‌ میسر، داوای له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی كرد كه‌ بچێته‌ نیویۆرك و په‌یوه‌ندی به‌ ته‌واوی سه‌ركرده‌كانی وڵاتان بكات و رابگه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ لیبیا رووده‌دات كاریگه‌ری له‌ سه‌ر ئاسایشی نێو ده‌وڵه‌تی ده‌بێت .
Top