ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش داوا له‌ حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن ده‌كات داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت چۆڵ بكه‌ن

ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش داوا له‌ حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن ده‌كات داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت چۆڵ بكه‌ن
ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان داوا له‌ چه‌كداره‌ حوسییه‌كان ده‌كات داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت چۆڵ بكه‌ن و ئه‌و سه‌ركردانه‌ی به‌ندكراون به‌بێ مه‌رج ئازاد بكرێن. ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ رێگریی له‌ پێشڕه‌وی كردنی زیاتری چه‌كداره‌ حوسییه‌كان و به‌هێزبوونی باڵی قاعیده‌ له‌ دوورگه‌ی عه‌ره‌بیدا كۆ بووه‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داوای له‌ چه‌كداره‌ حوسییه‌كان كرا به‌په‌له‌ هه‌موو ئه‌و داموده‌زگایانه‌ی حكوومه‌ت كه‌ داگیریان كردووه‌، چۆڵیان بكه‌ن.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن به‌ریتانیا و ئوردنه‌وه‌ ئاماده‌ كرابوو گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا و دواتر به‌ كۆی ده‌نگ په‌سه‌ند كرا. له‌ پڕۆژه‌ یاساكه‌دا داوا له‌ چه‌كداره‌ حوسییه‌كان ده‌كرێت به‌بێ مه‌رج هێزه‌كانیان له‌ نێو ئه‌و داموده‌زگایانه‌ی حكوومه‌ت كه‌ داگیریان كردووه‌ بكێشنه‌وه‌ و ئه‌و سه‌ركردانه‌ش كه‌ به‌ند كراون ئازاد بكرێن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی پڕۆژه‌ یاساكه‌دا داوا له‌ چه‌كداره‌ حوسییه‌كان كراوه‌ خۆیان له‌ هه‌ر جۆره‌ هه‌نگاوێكی یه‌ك لایه‌نه‌ به‌دوور بگرن و به‌شداری له‌ هه‌وڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی سیاسی بكه‌ن و ره‌وشی ئه‌منی یه‌مه‌ن ئاسایی بكه‌نه‌وه‌. هه‌ر له‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌دا داوا له‌ باڵی دوورگه‌ی عه‌ره‌بی قاعیده‌ كراوه‌ كه‌ واز له‌ توندوتیژی بهێنێت و بۆ به‌رقه‌رار كردنی ئاشتی هه‌وڵ بدات.
Top