ئۆباما بە كۆڕبەندێك رووبەڕووی توتدوتیژی و توندڕۆیی لە ئەمەریكا دەوەستێتەوە

 ئۆباما بە كۆڕبەندێك رووبەڕووی توتدوتیژی و توندڕۆیی لە ئەمەریكا دەوەستێتەوە
ڕۆژی چوارشەممە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا (باراك ئۆباما) میوانداریی كۆڕبەندێك دەكات كە تێیدا پۆلیس و پیاوانی ئایین كۆ دەكاتەوە بۆ بەگژداچوونەوەی توندڕۆیی و توندوتیژی لە ئەمەریكادا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی دەنگی ئەمەریكا، ئامانجی كۆشكی سپی لەو كۆڕبەندە بۆ بەگژداچوونەوەی توندوتیژی و توندڕۆیی ئەوەیە، لەوێ لە توانا خۆماڵییەكان و نێودەوڵەتییەكان دەڕوانن بۆ دەستنیشانكردنی هۆیەكانی بە توندڕۆییبوون و ڕیشەكێشكردنی هزری توندڕۆیی، هەروەها مەبەستیانە ڕێگەچارەیەك بدۆزنەوە بۆ ڕاگرتنی چوونی گەنجانی ئەمەریكایی و وڵاتانی دیكە كە بە ناوی ئیسلامەوە بۆ ناو داعش و گرووپە تیرۆریستییەكانی دیكە دەچن.
(ئۆباما) لە تازەترین لێدوانیدا سەبارەت بە توندڕۆیی ئیسلامی خۆی لە ناوهێنانی ئیسلام لەگەڵ توندڕۆییدا پاراست و تەنیا بە سینگتەسك و ناتێگەییشتوو لە ئایین ناوی بردن. هەروەها گوتیشی، "باشترین دژەژەهر بۆ ئایدۆلۆژیا ڕقاویی و بێزراوەكان، ئەوانەی خەڵكی بەرەو توندڕۆیی پەلكێش دەكەن، ئەو نموونەی پێكەوەژیان و ڕوحی لێبوردەییەیە كە ئێمە لە ئەمەریكا پێڕۆمان كردووە و بەخێرهاتنی كۆمەڵگا جیاوازەكان و باوەڕە جیاوازەكانمان كردووە".
ڕای كۆمەڵگای ئیسلامیی ئەمەریكا لەسەر ئەو كۆڕبەندە

بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی (گاردیان)، كۆمەڵێك لە پیاوانی ئایین لە ئەمەریكا چاویان بە (باراك ئۆباما) كەوتووە و هۆشدارییان داوە كە كۆڕبەندەكە هەرچییەك بێت توندوتیژی زیاتر بۆ سەر موسڵمانانی ئەمەریكا دێنێت، بۆیە لانی كەم یان نەكرێت یان دوا بخرێت، بە تایبەتی دوای كوشتنی سێ موسڵمانەكەی هەفتەی ڕابردوو لە ئەمەریكا، كۆمەڵگای موسڵمانان هەست بە ترس و دڵەڕاوكێ دەكەن، پێیان وایە ئەو كۆڕبەندەیش ڕقی زیاتری كۆمەڵگەی ئەمەریكایی دروست دەكات بۆ سەر موسڵمانانی ئەوێ.

بەڵام زۆرێك لە شارەزایانی ئەمەریكا پێیان وایە، گفتوگۆ و قسەكردن لەسەر توندڕۆیی ئیسلامی پێویستە و دەبێت بكرێت، ئەگەرچی وەكو بابەت سادەیە، بەڵام وەكو پرس و ناوەڕۆك ئاڵۆزە و لێوردبوونەوەی زۆری دەوێ.
جێی باسە، كۆڕبەندی بەگژداچوونەوەی توندوتیژی و توندڕۆیی بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە لە كۆشكی سپیی ئەمەریكا دەست پێ بكات و تا ڕۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت، كە تێیدا جگە لە پۆلیس، پیاوانی ئایین و كۆمەڵگاكان لە ناوخۆی ئەمەریكا، لە دەرەوەیش بەشێكی زۆری سەركردە و كەسانی پەیوەست بەو پرسە بانگهێشت كراون.
Top