ئوردن ده‌ستى به‌ پلانێكی توكمه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر كردووه‌

ئوردن ده‌ستى به‌ پلانێكی توكمه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر كردووه‌
سه‌رۆكوه‌زیرانی ئوردن عبدوڵڵا ئه‌ل نسوڕ له‌ میانه‌ی به‌شداری كردنی كۆنفڕانسی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی رادیكالیزم و به‌ره‌و ستراتیجییه‌تێكی گشتگیر وتارێكی پێشكه‌ش كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا حكوومه‌تی ئوردن ده‌ستی كردووه‌ به‌ جێبه‌جێ كردنی پلانێكی به‌رفراوان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندڕه‌وی. نسووڕ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد له‌ چوارچێوه‌ی پلانه‌كه‌دا سه‌ره‌تا چاو به‌ سیستمی په‌روه‌رده‌ ده‌خشێندرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سانی میانڕه‌و پێبگه‌یه‌ندرێت.

گۆڕینی ئامانجی مزگه‌وت و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ دۆخی پێشووی بۆ ئه‌وه‌ی رێزی زیاتری لێبگیرێت، چاكسازی كردن له‌ په‌رورده‌ی مامۆستایانی ئاینی و به‌رز كردنه‌وه‌ی ئاستی خوتبه‌كانیش به‌شێكن له‌و پلانه‌. سه‌رۆكوه‌زیرانی ئوردن ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد پلانه‌كه‌ سه‌رجه‌م جومگه‌كانی وڵاتی ئوردن ده‌گرێته‌وه‌ و هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌وڵ بو به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان و رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كان ده‌ده‌ین. ناوبراو تیشكی خسته‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وی تیرۆر له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی و له‌وباره‌یه‌وه‌ گوتی: ئه‌و گرووپانه‌ له‌ ژێر ناوی دیندا نه‌زانی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌.

نه‌بوونی كاریگه‌ریی زانایان له‌سه‌ر پێنه‌گه‌یاندنی كه‌سانی میانڕه‌و له‌به‌رامبه‌ر پێگه‌ی رادیكاڵه‌كان و كاریگه‌ر نه‌بوونی ده‌زگاكانی ئاینی، دابه‌زینی ئاستی زانستی ماموستایانی ئاینی و هه‌روه‌ها به‌ هه‌ڵه‌ به‌كار هێنانی ده‌سته‌واژه‌ی جیهاد و خه‌ڵافه‌ت و شێواندنی له‌ مانای بنه‌ڕه‌تی خۆی، بووه‌ته‌ هۆی زیاد بوونی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی.
Top