پنتاگۆن هێرشەكەی داعشی بۆ سەر بنكە سەربازییەكەی ئەمەریكا پشتڕاست كردەوە
ئاژانسی هەواڵگەی (ئەیبیسی نیوز) لە ڕاپۆرتێكدا نووسیویەتی، پنتاگۆن ئەمڕۆ ئەو هێرشەی پشتراست كردووەتەوە، ئەوە لە كاتێكدایە كە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا سەرەتا ڕەتی كردبووەوە. ڕاپۆرتەكە لە سەرچاوەیەكی سوپای عێراقەوە زانیاریی دەست كەوتووە كە هێرشەكە لە لایەن ٢٥ تیرۆریستی داعشەوە ئەنجام دراوە و نزیكەی حەوت یاخود هەشتیان خۆكوژ بوون و ئۆتۆمبیل و جلوبەرگی هێزەكانی عێراقییان بەكار هێناوە و هێزە عێراقییەكان بەرپەرچی هێرشەكەیان داوەتەوە.
گوتەبێژی پنتاگۆن (جۆن كێربی) گوتی، هێزەكانی ئەمەریكا نزیكی ئەو شەڕە نەكەوتوون، پێدەچێت هەموو یاخود زۆربەی تیرۆریستانی داعش جلوبەرگی سەربازیی هێزەكانی عێراقیان پۆشیبێت.
ئەو هێرشەی داعش بۆ سەر بنكە سەربازییەكە چەند سەعاتێك دوای گرتنی شارۆچكەی بەغدادییەوە هات.
هەروەها (كێربی) ئاماژەی دا، بەغدادییە یەكێكە لەو چەند شارۆچكانەی دەوروبەری بەغدا كە بە دەست هێزەكانی عێراقەوە مابوو، هەڵبەت ئەوە تەنیا شارۆچكەیەكە، نەك هەموو ئەنبار و هەموو عێراق.
گوتیشی كە، "ئەوە یەكەمین جارە لەو دوو مانگەی ڕابردوودا كەوا داعش سەركەوتنی بەدەست هێناوە و ناوچەیەكی گرتووە، هەربۆیە دەبێت لە بەرچاومان بێت".
جێی باسە، لەو هێرشەدا تیرۆریستانی داعش تەكنیكی نوێیان بەكار هێناوە و جلوبەرگی سەربازیی هێزەكانی عێراقیان پۆشیوە، بە گوێرەی ڕاپۆرتەكەیش هەموویان لەو هێرشەدا كوژراون.