یەکێتی ئەوروپا پرۆژە یاسایەکی گرنگی پەسەندکرد
رۆژی پێنجشەممە 12/02/2015، پەرلەمانی ئەوروپا پڕۆژە یاسایەکی لەسەر عێراق و سووریا پەسەندکرد.
دلاوەر خالد ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی"" پرۆژە بڕیارەکە تایبەتە بە بواری مرۆیی لە عێراق و سووریا و داوای گرێدانی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی دەکات لە یەکێتی ئەوروپا، جگەلەوە، داوا لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا دەکات بۆ یارمەتی دانی زیاتری ئەو دوو وڵاتە".
گرنگترین خاڵی پرۆژە بڕیارەکە ئەمانەن:
1- گرێدانی کۆنفراسێکی نێودەوڵەتی لە لایەن یەکێتی ئەوروپا بۆ پشتگیری کردنی عێراق لەرووی مرۆیی و هاندانی وڵاتان بۆ بەشدای کارا لە یارمەتیدانی عێراق.
2- دەستخۆشی و پشتگیری لە بڕیاری رێکخەری باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دەکات بۆ کردنەوەی نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا لە هەولێر.
3- دەستخۆشی لە کردنەوەی ئۆفیسی هاوکاری مرۆیی یەکێتی ئەوروپا دەکات، کە لە هەولێر کراوەتەوە و داوای هەماهەنگی زیاتر لە نێوان ئەو ئۆفیسە و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکات.
4- داوای هاوکاری کردنی باشتری قوربانیانی شەڕی داعش دەکات.
5- پشتگیری لە یەکێتی ئەوروپا دەکات لە بڕیاری هاوکاری یەل میلیارد یۆرۆیی بۆ ناوچەکە.
نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی رابردوودا، لە کۆبوونەوە و دانوستاندنی بەردەوامدا بووە لە گەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی ئەوروپا بە مەبەستی پشتگیری زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی هاوکاریی سەربازیی و مرۆیی.