ئۆکراینا و رووسیا ئاگربەستیان راگەیاند

 ئۆکراینا و رووسیا ئاگربەستیان راگەیاند
دوای ئەوەی کۆبوونەوەی 'مینسک' لە بێلارووس بۆ ماوەی دوو رۆژ بە نێوەندگیری فەڕنسا و ئەڵمانیا بەردەوام بوو، بە رێککەوتن لەسەر ئاگربەست کۆتاییهات.

سەرۆکی هەریەکە لە فەڕانسا، ئەڵمانیا، رووسیا و ئۆکراینا توانیان لە ماوەی 15 کاژێردا و بە درێژایی شەوی رابردوو بە رێککەوتن بگەن و ئاگربەستیان بۆ رۆژهەڵاتی ئۆکراینا راگەیاند.

بەڕێکەوتنی ئەندامەکان بۆ هۆڵی کۆبوونەوە

پوتین رایگەیاند کە بڕیاریان داوە لە ١٥ی ئەم مانگەوە ئاگربەستەکە بڕواتە بواری جێبەجێکردنەوە و گرژی و تووندوتیژییەکان لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا بووەستێنن، بەڵام لە بەرامبەردا دەبێت ئۆکراینا پاشەکشە بکەن لەو ناوچانەی کە سنووری بەزاندووە و زیاتر لەو سنوورانە رۆشتووە، کە ساڵی پار بۆی دیاریکراوە، بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە بە باشی جێبەجێبکرێت.

ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی رووسیای فیدڕاڵ دەڵێت،" ئێمە توانیمان لەسەر کۆمەڵێک شت رێکبکەوین . یەکەمیان ئەوە بوو کە ئاگر بەستێک رابگەیەنین کە لە نیوە شەوی ١٥ی شوباتەوە جێبەجێدەکرێت . دووەم شت کێشانەوەی هێزەکانی ئۆکراینایە لەو هێڵ و سنوورانەی کە لە 19/09/2014 رێککەوتین لەسەری لە مینسک " .

هەروەها پوتین داوای لە ئۆکراینا کرد، کە لە دوای ئەم رێککەوتنەوە مافی روسیزمانانی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا بپارێزرێت و بە هیچ شێوەیەک مافەکانیان پێشێل نەکرێت .

هەریەکە لە فڕانسوا هۆڵاند، سەرۆکی فەڕەنسا، ئەنجێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا، ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی رووسیای فیدراڵ و پێترۆ پۆرۆپشینکۆ لە بەشدارانی دیاری ئەم کۆبوونەوەیە بوون و ئەوان دەڵێن سەرەڕای ئەوەی کە ئەو ئاگربەسەتە راگەیەندراوە، بەڵام هێشتا زۆر شت ماوە کە دەبێت لەسەری رێکبکەوون.

پێترۆ پۆرۆشینکۆ، سەرۆکی ئۆکراینا، دەڵێت: " گرینگترین شت کە بەدەستمان هێناوە ئەوەیە لە شەممە بۆ یەکشەممە دەبێت ئەم رێککەوتنە بۆ هەموو لایەک روونبکرێتەوە و ئاگربەستەکە بەبێ هیچ مەرجێک جێبەجێ بکرێت ".

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا پوتین رایگەیاند، کە هۆکاری دواکەوتنی رێککەوتنیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەریەکە لە نوێنەرانی لۆهانسک و دۆنیستیک بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەشداری کۆبوونەوەکە نەبوون، چونکە ئۆکراینا ئەوەی نەویستووە و ئەمەش هۆکاری دواکەوتنی رێککەوتنەکە بووە .

ئەم رێککەوتنە لە کاتێکدایە، کە بۆ ماوەی چەند رۆژێکە ئاگربەستەکەی نیوان ئۆکراینا و جوداخوازەکان شکێنرابوو و دوای کوژرانی زیاتر لە 5300 کەس دووبارە شەڕ دەستیپێکردبووە.




رووداو
Top