ئۆباما داوا له‌ كۆنگرێسى ئه‌مه‌ریكا ده‌كات ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر به‌كارهێنانی هێز دژ به‌ داعش بدات

ئۆباما داوا له‌ كۆنگرێسى ئه‌مه‌ریكا ده‌كات ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر به‌كارهێنانی هێز دژ به‌ داعش بدات
ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی كۆنگرێس رایانگه‌یاند بڕیاره‌ سبه‌ی كۆشكی سپی داوا له‌ كۆنگرێس بكات رێگای پێ بدات سه‌رله‌نوێ هێز دژی چه‌كدارانی تیرۆریستی داعش به‌كار بهێنێت ، ئه‌م پێشنیاره‌ی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا یه‌كه‌م جاره‌ به‌ فه‌رمی داوا ده‌كرێت هێزی سه‌ربازی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش به‌ كار بهێنرێت . ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ ده‌لێت كه‌ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ یاساییه‌ پشت به‌ په‌سه‌ندكردنی بڕیارێكی سه‌رده‌می جۆرج بۆشی كوڕ ده‌به‌ستێت كه‌ ساڵی دووهه‌زارو دوو دژ به‌ عێراق و ساڵی دووهه‌زارو یه‌كیش دژ به‌ رێكخراوی تیرۆریستی قاعیده‌و گروپه‌ توندره‌وه‌كان ده‌ریكرد .

بۆب كۆركه‌ر سیناتۆری ئه‌مه‌ریكی و سه‌رۆكی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی پیران له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ دانیشتنه‌كان سه‌باره‌ت به‌ داواكاری ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌منزیكانه‌ ده‌ستپێده‌كات . ئیداره‌ی ئۆباما به‌ر له‌ پێشكه‌ش كردنی داوا فه‌رمییه‌كه‌ له‌ گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك یاساناس و ئه‌ندامانی كۆنگرێس دانیشتوون و ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه‌ ره‌زامه‌ندی له‌ سه‌ر داواكه‌یان مسۆگه‌ر بكات . شایانی باسه‌ ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی هاوپه‌یمان له‌ مانگی ئابی رابردووه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تێكی ئاسمانی دژ به‌ چه‌كدارانی تیرۆریستی داعش ده‌ستپێكردووه‌ .
Top