ئیمارات فڕۆكه‌ی جۆری ئیف 16 وه‌كو هاوكاریی ده‌نێرێته‌ ئوردن

ئیمارات فڕۆكه‌ی جۆری ئیف 16 وه‌كو هاوكاریی ده‌نێرێته‌ ئوردن
به‌ مه‌به‌ستی ھاوكاریی كردنی وڵاتی ئوردن، ئیمارات فڕۆكه‌ی جه‌نگی جۆری ئێف شازده‌ و كه‌شتییه‌كی سه‌ربازیی ره‌وانه‌ی ئوردن ده‌كات. به‌ پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی فه‌رمی ئیماراتی سه‌رۆكی حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ خه‌لیفه‌ بن زیاد ئه‌ل نه‌حیان فه‌رمانی به‌ جێگری سه‌رۆكی ئه‌ركانی ئه‌و وڵاته‌ كرد كه‌ ژماره‌یه‌ك فڕۆكه‌ی جۆری ئێف شازده‌ی وه‌كو هاوكاریی ره‌وانه‌ی ئوردن بكات. له‌ هه‌واڵه‌كه‌دا هاتووه‌، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئیمارات دوای كوژرانی فڕۆكه‌وانه‌ ئوردنه‌یه‌كه‌ كه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ به‌ زیندوویی سوتێندرا، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ئیمارات له‌ زۆربه‌ی بواره‌كاندا پاڵپشتی ئوردنی كردووه‌.

له‌ چوارچێوه‌ی هێرشه‌كانی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ فه‌رمانده‌یی ئه‌مریكا كه‌ ئوردنیش ئه‌ندامێكه‌ له‌و هاوپه‌یمانیه‌تییه‌دا، له‌ ماوه‌ی رابردوو فڕۆكه‌یه‌كی جۆری ئیف شازده‌ كه‌ فڕۆكه‌وانێكی به‌ ره‌گه‌ز ئوردنی تێدا بوو له‌ شاری ره‌قه‌ خرایه‌ خواره‌وه‌ و فڕۆكه‌وانه‌كه‌ی كه‌وته‌ ده‌ستی داعش و دواتریش به‌ زیندوویی سوتاند.
Top