بۆکۆحەرام شارێکی دیکەیان لە نایجیریا داگیرکرد

 بۆکۆحەرام شارێکی دیکەیان لە نایجیریا داگیرکرد
شەڕ و پێکدادان لەنێوان چەکدارانی بۆکۆحەرام و سەربازانی حکومەتی نایجیریا بەردەوامە، چەکدارانی بۆکۆحەرام شارێکی دیکەیان لە باکووری رۆژهەڵاتی نایجیریا داگیرکرد و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک کوژران و بە هەزاران کەس لەو شارەدا ئاوارە بوون.

چەکدارانی بۆکۆحەرام هێرشیان کردە سەر باما، کە دەکەوێتە 70 کیلۆمەتری ویلایەتی برۆنۆ و دواتر دەستیان بەسەر شارەکەدا گرت. بەپێی قسەی شایەتحاڵەکان سەرەتا ئەم چەکدارانە ژمارەیان زۆر نەبووە، بەڵام دواتر رۆیشتوون و لە شەودا بە ژمارەیەکی زۆر زیاترەوە هێرشیان کردووەتە سەر شارەکە و دەستیان بەسەردا گرتووە.

هێزەکانی ئاسایشی ئەو ناوچەیە رایانگەیاندووە کە هەردوولا زیانیان پێگەیشتووە و زیاتر لە 5 هەزار کەس ئاوارە بوون، بەڵام تائێستا گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری نایجیریا هیچ راگەیێندراوێکی لەوبارەوە نەبووە.

دوو مانگ پاش ئەوەی کە چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش خەلافەتیان راگەیاند، چەکدارانی بۆکۆحەرامیش بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی فەرمی رایانگەیاند کە باکووری رۆژهەڵاتی نایجیریایان کۆنترۆڵکردووە.

ئەو سەربازە نایجیریانەی کە لە شەڕەکەی بامادا بەشدارییان کردبوو رایانگەیاند، کە چەکدارەکانی بۆکۆحەرام پڕچەککراوبوون و جۆرەها تانک و چەکی تایبەتیان پێبووە، ئەوان رایانگەیاند کە لە سەرەتادا کۆنترۆڵی رەوشەکە لە دەستی سوپادا بووە، بەڵام دواتر بەهۆی ئەوەی کە ئەوان جۆرەها چەکی قورسیان پێبووە ئەمان لە بەرامبەردا شکستیان هێناوە و ئەو شارەش کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی بۆکۆحەرام.









رووداو
Top