ئۆباما بڕیاری ناردنی 350 سەربازی دیکەی بۆ بەغدا دەرکرد

 ئۆباما بڕیاری ناردنی 350 سەربازی دیکەی بۆ بەغدا دەرکرد
باراک ئۆباما سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بڕیاری ناردنی سەربازی دیکەی ئەمریکی بۆ بەغدا دەرکرد، لەپێناو پاراستنی دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان لە عێراق، ئەم بڕیارەی ئۆباما دوای سەربڕینی دتیڤن سۆتۆڵف رۆژنامەنووسی ئەمریکییەوە دێت لەلایەن گرووپی چەکدارانی داعش.

رۆژی 3ی ئەیلوول ئاژانسەکانی هەواڵ لە واشنتۆنەوە بڵاویانکردەوە، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریداوە 350 سەربازی دیکەی ئەمریکی رەوانەی بەغدا بکات، ئەم بڕیارەی ئۆباماش لەسەر داوای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بووە، بۆ پاراستنی ئەو دیپلۆماتکارە ئەمریکییانەی کە تا ئێستا لە بەغدا کاردەکەن.

لەگەڵ ناردنی ئەو 350 سەربازە ئەمریکییەدا بۆ عێراق، ژمارەی سەربازە ئەمریکییەکان لە عێراقدا دەبێتە زیاتر لە هەزار سەرباز، کە بەشێکیان تایبەتن بە پاراستنی باڵیۆزخانە و دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان و بەشێکی دیکەیان پێکهاتوون لە راوێژکاری سەربازی.

هەروەها کۆشکی سپی رایگەیاندووە، لەماوەیەکی نزیکدا چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی، لەنێویاندا، جۆن کیری وەزیری دەرەوە و چەک هەیگڵ وەزیری بەگری تێدایە، سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن و هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانێتییەکی هەرێمی دژ بە رێکخراوی داعش دەدەن.









رووداو
Top