تێچووی هه‌ر ڕۆژێکی گورزوه‌شاندنه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌ داعش، 7.5 ملیۆن دۆلاره‌

 تێچووی هه‌ر ڕۆژێکی گورزوه‌شاندنه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌ داعش، 7.5 ملیۆن دۆلاره‌
وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریکا دوێنێ هه‌ینی ئاشکرای کرد، ئه‌و گورزه‌ ئاسمانییانه‌ی که‌ فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانیان له‌ عێراقدا له‌ ڕێکخراوی داعشیان ده‌وه‌شێنێ، له‌وه‌ته‌ی‌ هه‌ڵمه‌ته‌که‌ ده‌ستی پێ کردووه‌، هه‌ر ڕۆژێک زیاتر له‌ 7 ملیۆن دۆلار به‌هاکه‌یه‌تی.
گوته‌بێژ به‌ ناوی پێنتاگۆن(جۆن کێربی) ڕایگه‌یاند، "تێچووی گورزوه‌شاندنه‌کان له‌ نێوه‌ڕاستی حوزێرانه‌وه‌ جیاواز بوو، به‌ڵام به گشتی، گه‌ییشتووه‌ته‌ 7.5ملیۆن دۆلار له‌ ڕۆژێکدا."
زیاتر گوتی، ئه‌و تێچووه‌ به‌ زیادبوونی چالاکییه‌کان ‌به‌رزتر بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م ژمارانه‌ پێوه‌ندییان به‌ ماوه‌ی نێوان نێوڕاستی حوزێران تا 26-ی ئه‌م مانگه‌وه‌ هه‌یه‌.
هه‌ر دوێنێ، فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریکایی، ڕایگه‌یاند که‌، له‌ 8-ی ئاب-ئۆگه‌سته‌وه‌ تا ئێستا، 110 هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازییان ئه‌نجام داوه‌.
پاش ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی مووسڵ و ناوچه‌گه‌لێکی دیکه‌ی به‌رفراوانی باکووری عێراق له‌ لایه‌ن ڕێکخراوی تیرۆریستیی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیه‌وه‌ و هه‌وڵیان بۆ نزیکبوونه‌وه‌ له‌ هه‌ولێر، هاوکات درککردن به‌ مه‌ترسیی داعش له‌ ناوچه‌که‌، سه‌رۆکی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا (باراک ئۆباما) فه‌رمانی به‌ یه‌که‌ سه‌ربازییه‌ ئاسمانییه‌کانی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی دا، بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی و کورد و پێکهاته‌کانی دی، گورزی سه‌ربازی له‌ مۆڵگه‌کانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی بوه‌شێنن.
Top