حکومەتەکەی داودئۆغڵو هەمواری هەمان حکومەتی ئەردۆغانە

 حکومەتەکەی داودئۆغڵو هەمواری هەمان حکومەتی ئەردۆغانە
ئەحمەد داود ئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی نوێی تورکیا، خێرا کابینەی حکومەتەکەی پێشکەشی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری نوێی تورکیا کرد، کە کابینەکەی وەک هەموارکردنێکی کابینەکەی ئەردۆغان بوو.

دوای پەسەندکردنی خێرای کابینەکە لەلایەن ئەردۆغانەوە، جەمیل چیچەک سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا داوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمانی کرد، لە رۆژی دووشەممە بۆ ئەوەی داودئۆغڵو بەرنامەی کابینەکەی بخاتەڕوو بۆ تاوتوێکردن و رۆژێکیش دوای تاوتوێکردنی بەرنامەی حکومەت، لە پەرلەمان دەخرێتە دەنگدان بۆ ئەوەی متمانەی پەرلەمانی پێبدرێت.

عەبدوڵڵا گوڵ، سەرۆککۆماری پێشوو، دوای تەواوبوونی ئەرکەکەی و بەرلەوەی لە ئەنقەرە رووبکاتە ئیستانبوڵ لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە توویتەر نووسی "7 ساڵی رابردووم بەسەربەرزی بۆ خزمەتی گەلەکەم تەواوکرد" و بۆ لەمەودواش لە کاری سیاسی بەردەوام دەبێت.

لە کابینەی نوێی داودئۆغڵو، گۆڕانکاری لە 3 وەزارەتدا کراوە و 2 جێگری نوێ بۆ سەرۆک وەزیران دانراون، هەروەک 4 وەزارەتی دیکەی نوێ زیادکراون.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە داودئۆغڵو، بەو پێکهاتەی کابینەکەی ئەندامە دێرین و نادێرینەکانی ناو پارتەکەی کۆکردوونەتەوە.









رووداو
Top