ئەردۆغان پەیامێكی ئاراستەی ئەتاتورك كرد

 ئەردۆغان پەیامێكی ئاراستەی ئەتاتورك كرد
رەجەب تەییب ئەردۆغان دوای سوێندخواردن وەک سەرۆککۆماری نوێی تورکیا، یەکەم کاری سەردانی مۆنیۆمێنتی یادەوەری مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەری کۆماری تورکیا بوو.

ئەردۆغان سەرەتا تاجەگوڵینەی لەسەر گۆڕی ئەتاتورک دانا. دواتر لە دەفتەری یادەوەری پەیامێکی ئاراستەی ئەتاتورک کرد.

لە پەیامەکەیدا ئەرۆدغان پەیمانی بە دامەزرێنەری کۆماری تورکیادا هەموو تواناکانی خۆی بخاتەگەڕ بۆ کارکردن لە پێناوی بەردەوامیدان بەو بنەمایانەی لە سەرەتای ساڵی 1920 ەوە بۆ کۆمارەکە دانراون. هاوکات باسی لەوە کرد کە دوای گیانلەدەستدانی ئەتاتورک دەوڵەتی تورکیا لە گەلەکەی دوورخراوەتەوە، بەڵام ئەو ئامادەیە جارێکی دیکە وەک سەرۆککۆمار گەل لە ئامێز بگرێتەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوەشی خستەڕوو کە جەنگی رزگاری تورکیا لە سەرەتای ساڵی 20 ەکانەوە سەرکەوتنێکی مەزنی بەدەستهێناوە کە دامەزراندنی کۆمارەکە بووە و ئەمەی بەستەوە بە هەڵبژاردنەکەی 10 ی ئابی ئەمساڵ. ئەو هەڵبژاردنەشی بە دووەم سەرکەوتنی مێژوویی زانی کە دەستپێکی تورکیای نوێ دەبێت.

ئەردۆغان دوای واژۆکردنی ئەم پەیامە مۆنیۆمێنتی یادەوەری ئەتاتورکی جێهێشت و روویکردە کۆشکی چانکایا بۆ بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی رادەستکردنی دەسەڵات لەگەڵ عەبدوڵڵا گیول.







رووداو
Top