بریمەر: چەند رۆژی داهاتوو چەكی قورسی ئەمریكی دەگاتە باشووری كوردستان

 بریمەر: چەند رۆژی داهاتوو چەكی قورسی ئەمریكی دەگاتە باشووری كوردستان
حاكمی مەدەنی پێشووی ئەمریكا لە عێراق رایگەیاند، بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش، لە چەند رۆژی داهاتوودا چەكی قورس و نوێی ئەمریكی لە رێگەی دەریاوە دەگەیەنرێتە باشووری كوردستان، دەشڵێت "هێرشی ئاسمانیی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی چەكدارانی داعش بەردەوام دەبێت".

پۆل بریمەر، حاكمی پێشووی ئەمریكا لە عێراق گوتی: "پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە چەكی قورس و نوێی ئەمریكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان پڕچەك بكات".

بریمەر گوتیشی: "ئەو چەكانەش ئامادەكراون لە رێگای دەریاوە بەڕێكراون و لە چەند رۆژی داهاتوو دەگەیەنرێنە دەست هێزی پێشمەرگەی كوردستان".

پۆل بریمەر هەروەها رایدەگەیەنێت، کە وڵاتانی زلهێزی هاوپەیمانی ئەمریكاش، هەمان هەنگاویان گرتووەتەبەر و بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش چەكی قورسیان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان ناردووە، ئاماژەشی بە گرنگی هاوكاریكردنی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق كرد بۆ ئەوەی بتوانێ عێراق یەكخاتەوەو لە هەڵوەشانەوە بیپاریزێت، جەختیشی لەسەر گرنگی بەشداریكردنی كوردو سوننە كردەوە لە حكومەتی داهاتوو.

لە پێناو رزگاركردنی سەدان هەزار کوردی ئیزدی، كە بەهۆی هێرشی چەكدارانی داعش هەڵاتبوون و لەسەر چیای شنگال گیریانخورادبوو، ئیدارەی ئەمریكا بڕیاری وەشاندنی گورزی سەربازی دژی بنكەكانی چەكدارانی داعش دەركرد.








رووداو ـ BBC
Top