داوود ئۆغڵو دەبێتە سەرۆكوەزیری نوێی توركیا

 داوود ئۆغڵو دەبێتە سەرۆكوەزیری نوێی توركیا
سەرۆككۆماری توركیا (عەبدوڵڵا گوول) لە میانی دیدارێكی ماڵئاوایی لە كۆشكی چانكایا لە ئانكارا، لەگەڵ نووسەر، كارساز، رۆژنامەنووس و نوێنەرانی رێكخراوە مەدەنییەكانی وڵاتەكەی كۆ بووەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا رایگەیاند، وەزیری دەرەوە دەبێتە سەرۆكوەزیری نوێی توركیا.


(عەبدوڵڵا گوول) لە میانی ئەو دیدارەدا گوتەیەكی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند، "رۆژێك پێش ئەوەی پۆستی سەرۆككۆماری رادەستی (رەجەب تەییب ئەردۆغان) بكەم، كۆنگرەی گشتی ئاكەپە ئەنجام دەدرێت، لە كۆنگرەكەدا بۆ جێگرتنەوەی (رەجەب تەییب ئەردۆغان) كە بۆ سەرۆككۆماری توركیا هەڵبژێردراوە، كەسێك دەستنیشان دەكرێت و ئەو كەسەیش وەزیری دەرەوە (ئەحمەد داوود ئۆغڵو)ـیە. من بۆ خۆم (ئۆغڵوو)ـم تێكەڵی كاروباری سیاسی كرد. كاتێك وەزیری دەرەوە بووم وەكو باڵیۆز دەستنیشانم كرد و بۆ ماوەی پێنج ساڵ پێكەوە كارمان كردووە".
(گوول) هەروەها ئاماژەی دا كە (داوود ئۆغڵوو)ـیش یەك لەو كەسە شیاوانەیە كە دەتوانێت نوێنەرایەتیی دۆزی ئاكەپە بكات.
لە هەڵبژاردنی 10-ی تەباخدا سەرۆكوەزیرانی پێشووی توركیا (رەجەب تەیب ئەردۆغان) بۆ پۆستی سەرۆككۆماری ئەو وڵاتە هەڵبژێردرا و بڕیارە 28-ی ئەم مانگە بە رەسمی پۆستی سەرۆككۆماری وەربگرێت، بەڵام بۆ ئەوەی شوێنی (ئەردۆغان) كە هاوكات سەرۆكی گشتیی ئاكەپەیشە چۆڵ نەبێت، رۆژی 27-ی مانگ ئاكەپە كۆنگرەی خۆی دەبەستێت و كەسێك بۆ سەرۆكایەتیی گشتی ئاكەپە و سەرۆكوەزیری توركیا دەستنیشان دەكات.
Top