ئەردۆغان مەترسی وڵاتەكەی لە داعش راگەیاند

 ئەردۆغان مەترسی وڵاتەكەی لە داعش راگەیاند
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكوەزیرانی توركیا لەمیانەی وتارێكیدا كە لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی پارتەكەی لە ئەنقەرە پێشكەشیكرد، باسی دوایین روودا و پێشهاتەكانی باشووری كوردستانی كرد و لەسەر بارودۆخی ناوچەی شنگال و ئەو ئێزدییانەی بەهۆی هێرشی چەكدارانی داعش لەناوچەكە ئاوارەبوون ئاخافت. ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا كە توركیا تاكە وڵاتە ئەو ئاوارە ئێزدییانە وەردەگرێت.

ئەردۆغان كە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیادا سەركەوت و 28ی ئەم مانگە بە فەرمی وەك 12هەمین سەرۆككۆماری وڵاتەكەی لەسەر كورسی سەرۆكایەتیی دادەنیشێت، باسی لەوەكرد كە بارودۆخی ئێستای ئێزدییەكان بۆخۆی دەرخستنی دۆخێكی ناهەموارە و تاوەكو ئێستاش توركیا نزیكەی 2000 ئاوارەی ئێزدی لە چەند ناوچەیەكی جیاوازی وەك سلۆپی و ئامەد و وان وەرگرتوون.

لە وتارەكەیدا ئەردۆغان بوونی رێز و حورمەتی وڵاتەكەی بۆ كەمە نەتەوەكان و ئایینە جیاوازەكان راگەیاند بەتایبەت ئێزدییەكانی ناوچەی شنگال و دەوروبەری لە باشووری كوردستان كە بەهۆی هێرشی چەكدارانی داعش رووبەڕووی دۆخێكی ناهەمووار بوونەتەوە.

ئەردۆغان گوتی : "تاوەكو ئێستا لەلایەن حكومەتی توركیاوە120 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر هاوكاری گەیشتووەتە ئەم ئاوارانە و لەداهاتووشدا هاوكارییەكان بەردەوام دەبن". باسی لەوەشكرد كە بەهۆی ئەم دۆخەی ئێستا لەناوچەكە روویداوە، توركیا رووبەڕووی تەنگ و چەڵەمە بووەتەوە، بەڵام داواكاربوو لە هاووڵاتیانی وڵاتەكەی ئارامگربن لەگەڵ ئەم ئاوارانە، "بەو پێیەی ئەگەری ئەوە هەیە ئەم دۆخە بێتە سەر ئێمەش".






رووداو
Top