یونیسێف: 700 ملیۆن ژن بەزۆر بەشوو دراون

 یونیسێف: 700 ملیۆن ژن بەزۆر بەشوو دراون
بەگوێرەی نوێترین ئاماری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دایکان و منداڵان (یونیسێف) ، زیاتر لە 700 ملیۆن ژن بەزۆر لە جیهاندا بەشوودراون.
یونیسێف، کە ئێستا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا کۆنگرەیەک دەبەستێت، سەبارەت بە بەزۆر بەشوودانی ژنان و خەتەنەکردنیان، ئاشکرایکرد "زیاتر لە 700 ملیۆن ژن بەزۆر لە جیهاندا بەشوودراون".

رێکخراوەکە روونیکردووەتەوە، کۆنگرەکەیان بە ناونیشانی "گیرل بۆ سامیت 2014"یە و بەهەماهەنگی لەگەڵ دەیڤید کامیرۆنی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەبەسترێت، کە ئەمەش بۆ یەکەمجارە کۆنگرەیەکی لەو جۆرە ببەسترێت، ئامانجیش لە کۆنگرەکە ئەوەیە ئاستێک بۆ بەزۆر بەشوودان و خەتەنەکردنی کچان دابنرێت، کە یونیسێف دەڵێ 130 ملیۆن کچ لە جیهاندا خەتەنەکراون.

بەپێی رێکخراوەکە لە 29 وڵاتی ئەفریقیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەتەنەکردنی کچان پەیڕەودەکرێت. یونیسێف دڵنیایی دەدات، کە بەراورد بە 30 ساڵی رابردوو رێژەکە کەمبووەتەوە، راشیگەیاندووە "ئەگەر خەتەنەکردن نەوەستێندرێت، ئەوە دەبێتە مایەی ئازارێکی قووڵی لەبیرنەکراو بۆ سەدان ملیۆن کچ".

بەڕێوەبەری گشتی یونیسێف گوتی "کچان موڵکی کەس نین تاوەکو بڕیار لە چارەنووسیان بدەن". حکومەتی بەریتانیا سێشەممە یاسایەکی راگەیاند، بۆ سزادانی ئەو خێزانانەی کچەکانیان خەتەنە دەکەن.






رووداو
Top