بەشار ئەسەد: هەڵبژاردن جەنگی ئێمە بوو، بۆ بەرگری لە سەروەری و کەرامەتی گەل

 بەشار ئەسەد: هەڵبژاردن جەنگی ئێمە بوو، بۆ بەرگری لە سەروەری و کەرامەتی گەل
ئەمڕۆ چوارشەممە و لە بەردەم ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی، (بەشار ئەسەد) سوێندی یاسایی خوارد و بەمەیش بۆ حەوت ساڵی دی بووەوە بە سەرۆککۆماری سووریا.

(ئەسەد) لەو هەڵبژاردنەی سەرۆکایەتی کە لە 3-ی مانگی ڕابردوو ساز درا، بردنەوەی بەەست هێنا کە بەرهەڵستکارانی بە هەڵبژاردنی گاڵتەجاڕی ناویان برد.

مەراسیمی سوێندخواردنەکەی (بەشار ئەسەد) بۆ پۆستی سەرۆكایەتی لە کۆشکی كۆماری لە دیمەشق بەڕێوە چوو، ئەمەیش پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ ساڵ شۆڕش لە وڵاتەدا دێت کە دژ بە رژێمەكەی (ئەسەد) بەرپا بووە و زیاتر لە 170 هەزار كەسی سووریایی بوونەتە قوربانی و بە میلۆنانیش ئاوارە بوون.

(ئەسەد) لەو مەراسیمەدا گوتی، "هەڵبژاردن جەنگی ئێمە بوو بۆ بەرگری لە سەروەری و شەرعیەت و بڕیاری نیشتیمانی و کەرامەتی گەل."

(ئەسەد) زیاتر دەڵێ، قەیرانی سووریا لە دەرەوەڕا چارە ناکرێت، جەختیشی کردەوە لەوەی کە تاکە ڕێچارە تەنیا دەبێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە نێوخۆییەکان و دیالۆگی نیشتیمانی بێت، تا بەر بەو خوێنڕێژی و کۆچە بهێنرێ و، ڕێیش لە دەستوەردانی ئەوەی ئەو بە "پلانی دەرەکی" ناوی برد بگیرێت.

هاوکات ئەو وڵاتانەیشی دایە بەر ڕەخنە کە بە هاندەر و پشتیوانکاری تیرۆر و "بەهاری بەد" ناوی بردن.

پشتیوانکارانی بەرهەڵستکارانی ڕژێمی سووریا لە جیهانی عەرەبی و دەرەوەیشییدا، دوو ساڵی قەیرانی سوور بوون لە پێویستیی لادانی (ئەسەد) بە ڕێی سەربازی، بەڵام پێشڕەویی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراق و شام، کاریگەرییەکانی ئەو ترسەی لای ئەوان زیاتر کرد لەوەی کە لەو شەڕەدا جیهادییەکان سەرکەون، هەربۆیە لەم پلانەیان خاوی کردنەوە.

پاش سوێندخواردن، وەها بڕیارە حکوومەتی سووریا دەست لە کار بکێشێتەوە و (ئەسەد) سەرۆکوەزیرانێکی نوێ وەک جێگرەوەی (وائیل ئەلحەلقی) دیاری بکات.
Top