لێبووردنی نێودەوڵەتی: هەموو لایەنە ناکۆکەکانی عێراق تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە

 لێبووردنی نێودەوڵەتی: هەموو لایەنە ناکۆکەکانی عێراق تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، گرووپی چەکداریی داعش و هێزەکانی حکومەتی عێراق و میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی بەغدای بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ تاوانبارکرد. هاوکات داواشی لە لایەنە ناکۆکەکان کرد، رەچاوی پاراستنی گیانی دانیشتووان بکەن و سنوورێکیش بۆ کوشتنی دیلەکان دابنێن و بە شێوەیەکی مرۆییانە مامەڵە لەگەڵ بەندکراوان بکەن و بۆردوومانکردنی هەڕەمەکی گەڕەکەکانیش بوەستێنن.

دوناتیلا روفێرا، راوێژکاری رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند: "سەدان هەزار کەس لە ترسی کوشتن و رفاندنیان لەلایەن چەکدارانی داعش و بۆردوومانی هەڕەمەکی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای عێراق ناوچەکانیان جێهێشتوە".

راوێژکاری رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی هەروەها رایگەیاند، "رووداوەکانی رفاندن لەهەموو ئەو شارو شارۆچکانە روویانداوە، کە لەلایەن رێکخراوی داعش کۆنترۆڵکراون و چارەنووسی زۆربەشیان تاوەکو ئێستا دیارنییە و هەندێکیشیان بە کوژراوی دۆزراونەتەوە، هەروەها لە 27ـی مانگی حوزەیرانی رابردوو چەکدارانی داعش لە نێو بنکەیەکی پۆلیسی شاری موسڵ، 3 پۆلیسیان لەسێدارەداوە، لە گوندی تۆبغەزیارەش 3 کەسی شەبەکی شیعەیان کوشتووە".

روفێرا دووپاتیکردەوە، کە بەڵگەی تەواوی لەلایە، کە دەیسەلمێنێ، "زیاتر لە 100 بەندکراوی سوننە لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانی شیعە لە سێدارەدراون وەکو تۆڵەیەک لەبەرامبەر کۆنترۆڵکردنی پارێزگای نەینەواو زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای سەڵاحەدین لەلایەن چەکدارانی داعش".

هەروەها راوێژکاری رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشدا، "پڕۆسەی بۆردوومانکردنی هەڕەمەکی بە تۆپی قورس و هێرشی ئاسمانی لەلایەن سوپای عێراقەوە بۆ سەر ئەو ناوچانەی رێکخراوی داعش کۆنترۆڵی کردووە، بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیەها کەسی سڤیل و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر" ، پێشیوایە "سەرجەم لایەنە ناکۆکەکان تاوانی جەنگیان ئەنجامداوەو مافەکانی مرۆڤیان پێشێلکردووە".

لە 8ـی مانگی تەمموزی 2014 کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، دوای کۆنترۆڵکردنی پارێزگای نەینەوا و رووبەرێکی فراوانی پارێزگای سەڵاحەدین لەلایەن چەکدارانی داعش و تێکچوونی رەوشی ئەمنی و بۆردوومانی هەڕەمەکی گەڕەکە مەدەنییەکان، زیاتر لە ملیۆنێک و 150 هەزار کەس لە پارێزگاکانی ئەنبار، نەینەوا، سەڵاحەدین و دیالە ئاوارەبوونە و روویان لە باشووری کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق کردووە.







رووداو
Top