عیزەت دووری و ڕێبەڕی بوکو حەرام پاڵپشتی لە داعش دەکەن

عیزەت دووری و ڕێبەڕی بوکو حەرام پاڵپشتی لە داعش دەکەن
عیزەت ئیبراهیم دووری، جێگری پێشووی سەدام حوسێن و ئەبوبەکر شکاو، ڕێبەری ڕێکخراوی توندڕەوی بوكوحەرام لە نایجیریا، لە دوو گرتە ڤێدیۆیی جیا دا پاڵپشتی خۆیان لە چەکدارانی سەر بە ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام ناسراو بە داعش دەربڕیوە.



عیزەت دووری لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی دا پاڵپشتی لە چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی عیراق و شام ناسراو بە داعش دەکات کە ئێستا ناوی خۆیان بۆ "دەوڵەتی ئیسلامی" گۆڕیوە.



ناوبراو لە کاتی ڕووخانی سەدام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣ وە خۆی شاردۆتەوە.



لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە دەڵێن هی جێگری پێشووی سەدام حوسێنە و رۆژی شەممە(١٢ی تەمموز) لە ئەنتەرنێت بڵاو بۆوە، بە دەنگێکی گڕ پشتیوانی لە ئیسلامییە تووندڕەوەکانی ئەلقاعیدە و داعش دەکات.



هێشتا ڕاستی و دروستی ئەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیە هی عیزەت دووریە نەسەلمێندراوە. لە سەرەتای گرتە ڤیدیۆییەکە دا یەکێک عیزەت دووری دەناسێنێت و پاشان عیزەت دووری قسە دەکات و بە چەکدارانی ئەلقاعیدە و داعش دەڵێت: " ئێمە بە شانازییەوە، ئافەرینتان پێدەڵێن و سڵاو و خۆشەویستیتان بۆ دەنێرین."



ئەو دەنگە لە کۆتایی دا باس لە لێبوردنی گشتی لە لایەن ئیسلامییە تووندڕەوەکان لە عێراق دەکات و دەڵێت: "ئەو لێبوردنە گشتییە هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە، درۆیان لە گەڵ خواو و نیشتیمانی خۆیاندا کردووە، بەڵام ئێستا تۆبەیان کردووە."



لە گرتەیەکی دیکەی ڤیدیۆیی دا، ئەبوبەکر شکاو، ڕێبەری چەکدارە توندڕەوەکانی بوکوحەرام لە نایجیریا، پاڵپشتی خۆی لە ئیسلامییە تووندڕەوەکانی داعش ڕادەگەیەنێت.



ئاژانسی فەڕەنسا بە ئاماژە بە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە ڕۆژی یەکشەممە کەوتۆتە دەست ئەو ئاژانسە ڕایگەیاند؛ لەو گرتە ڤیدیۆیە دا ڕێبەری گرووپی توندڕەوی بوکو حەرام دوعا بۆ ئەبوبەکر بەغدادی ڕێبەری داعش و ئەیمەن زەواهیری ڕێبەری ئەلقاعیدە و مەلا عومەر ڕیبەری تاڵیبان دەکات و دەڵێت: " خودای من ئاگادارتان بێت"



گرووپی تووندڕەوی ئیسلامی بوکوحەرام لە نایجیریا بە باڵی تاڵیبان لەو ووڵاتە ناسراوە و لە ساڵی ٢٠٠٩ وە هەتا ئێستا چەند کردەوەی تیرۆریستیان دژ بە هێزەکانی پۆلیس و دام و دەزگای حکومی و کلێسە و قوتابخانەکان ئەنجام داوە.



چەکدارە تووندڕەوەکانی بوکوحەرام لە مانگی نیسانی ئەمساڵ لە باکووری نایجیریا پەلاماری قوتابخانەیەکیان داو و ٢٧٦ قوتابی کچیان رفاند.



لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ١٥٠٠ کەس لە نایجیریا بە هۆی توندوتیژییەکانی ئەو گرووپە توندڕەوە کوژراون.

ئامانجی بوکوحەرام پێکهێنانی "دەوڵەتی ئیسلامی" لە باکووری نایجیریایە.

RW
Top