رۆژنامەیەک: فڕۆکە ئێرانییەکان چەکدارانی داعش بۆردوومان دەکەن

 رۆژنامەیەک: فڕۆکە ئێرانییەکان چەکدارانی داعش بۆردوومان دەکەن
رۆژنامەی حەیاتی لەندەنی رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییە ئێرانییەکان لە خاکی ئێران و سووریا دێنە ئاسمانی عێراق و چەکدارانی گرووپی داعش و چەکدارانی سوننە لە نێو خاکی عێراق بۆردوومان دەکەن.

رۆژنامەکە لە راپۆرتێکدا لە زاری چەند سەرچاوەیەکی بیانی لە برۆکسڵ گواستوویەتیەوە، کە "فڕۆکە جەنگییە ئێرانییەکان لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو چەکدارانی داعش و چەکدارانی سوننەیان لە نێو خاکی عێراق بۆردوومان کردووە".

ئەو سەرچاوانە هاوکات هۆشداریان دا لە مەترسی تێوەگڵانی راستەوخۆی وڵاتانی دراوسێی عێراق لەو جەنگەی، کە لەو وڵاتە سەریهەڵداوە، چونکە ئەو هەنگاوە ئاڵۆزییەکانی عێراق ئاڵۆزتر دەکات و ئەگەرەکانی تەشەنەسەندنی، زیاتر دەکات.

ئەو سەرچاوە ئەوروپییانە هەروەها رایانگەیاندووە، کە ئەودەمەی عێراق رایگەیاند، کە چەند فڕۆکەیەکی سوخۆی رووسی پێگەیشتووە، تەنیا بۆ ئەوە بوو رێگە بۆ بەشداریکردنی فڕۆکە ئێرانییەکان خۆشبکات بۆ بۆردوومانکردنی چەکدارانی سوننە، چونکە تا ئێستا فڕۆکە رووسیییەکان بەشداریان لە جەنگ نەکردووە.

ئەو سەرچاوە ئەوروپیانە دەشڵێن، "ئەم هەنگاوەی ئێران ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە تاران خۆی یەکلاکردووەتەوە بەوەی پشتگیری حکومەتەکەی مالیکی بکات، چونکە ئێران هەوڵەکانی لابردنی مالیکی لە دەسەڵات بە هەوڵی کەمکردنەوەی پێگەی خۆی دەزانێ لە عێراق".

لەبەرامبەردا مورزییە ئەفخەم، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەواڵی بەشداریکردنی فڕۆکە جەنگییە ئێرانییەکان لە بۆردوومانکردنی چەکدارانی سوننە لە نێو خاکی عێراق، رەتکردەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە چەکدارانی داعش و سوننە ماوەی مانگێکە دەستیان بەسەر شارەکانی موسڵ و تکریت و ناوچەیەکی زۆری پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، ئەنبار و چەند ناوچەیەکی پارێزگاکانی دیالە و کەرکووکدا، گرتووە.





رووداو
Top