دووه‌م رۆژى پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی میسر به‌رێوه‌چوو

 دووه‌م رۆژى پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی میسر به‌رێوه‌چوو
له‌ رۆژى دووه‌مى پرۆسه‌ى ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى وڵات له‌ میسر ده‌نگده‌ران روویان كرده‌ سندووقه‌كانی ده‌نگدان له‌پێناوى هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێكی نوێ بۆ ئه‌و وڵاته‌ كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ عه‌بدولفه‌تاح سیسی فه‌رمانده‌ى پێشووى سوپا و حه‌مدین سه‌باحی سیاسه‌توانی سۆسیالیست كێبه‌ركێى تێدا ده‌كه‌ن.

هاوكات ده‌زگه‌ ئه‌منییه‌كان رایانگه‌یاند بۆمبێكی ده‌ستكردی ساكار له‌ نزیك بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان له‌ شاری فه‌یووم دانرابووه‌وه‌ به‌ڵام كارمه‌ندانی پاسه‌وانی مه‌ده‌نی توانییان پووچه‌ڵى بكه‌نه‌وه‌. له‌ شاری عه‌ریش له‌ باكووری سینایش چه‌ند نه‌ناسراوێك ته‌قه‌یان له‌ بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان كرد بێ ئه‌وه‌ى هیچ زیانێكی لێ بكه‌وێته‌وه‌ بۆیه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان هه‌نگاوى توندوتۆڵتریان گرته‌به‌ر بۆ پاراستنی پرۆسه‌كه‌. هاوكات پرۆسه‌ى ده‌نگدان له‌ چوار لیژنه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌ بنكه‌یه‌كی گوندێكی باكووری مه‌نیا راوه‌ستا پاش ئه‌وه‌ى ته‌لارێكی ته‌نیشت ئه‌و بنكه‌یه‌ ئاگری تێبه‌ربوو.

سه‌باره‌ت به‌ رێژه‌ى ده‌نگدانیش تارق شبل ئه‌ندامی لیژنه‌ى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان روونی كرده‌وه‌ كه‌ هیچ ئامار یان ژماره‌یه‌ك له‌باره‌ى قه‌واره‌ یان رێژه‌ى به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌یه‌كه‌م رۆژدا ده‌رنه‌كه‌وتووه‌و روونی كرده‌وه‌ كه‌ ئاكامه‌كان پاش هاوێركردنی هه‌موو ده‌نگه‌كان له‌ دووه‌مین رۆژدا ده‌رده‌كه‌ون. لاى خۆیه‌وه‌ لیژنه‌ى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان بڕیاری دا ده‌نگدان تا كاتژمێر ده‌ى شه‌و به‌كاتی قاهیره‌ درێژ بكرێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها بۆ ئاسانكاری به‌شداری كردنی كارمه‌ندانی ده‌وڵه‌ت حكوومه‌تى میسر رۆژى سێ شه‌ممه‌ى به‌ پشووى فه‌رمی راگه‌یاند تا كارمه‌نده‌كان بتوانن رووبكه‌نه‌ بنكه‌كان و ده‌نگ بده‌ن. لیژنه‌ى بالاى هه‌لبژانه‌كان بریاریدا هه‌لبژاردنه‌كان بۆ رۆژى سێیه‌م درێژ بكرێته‌وه‌ .
Top