ئەردۆغان: پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوامە

 ئەردۆغان: پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوامە
دوای بڕیاری دادگایەکی ئیستەنبوڵ بۆ دەستگیرکردنی 4 سەرکردەی سەربازی ئیسرائیل بە تۆمەتی کوشتنی 10 هاووڵاتی تورکی لە هێرشی سەر پاپۆڕی "ماڤی مەڕمەڕە"، سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایگەیاند، کە بڕیاری دادگاکە کاریگەریی نابێت لەسەر پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل و بەردەوام دەبن لەسەر پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان.

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان ئاشکرایکرد، کە ناتوانن ئێستا روونکردنەوەیەک بدەن لەسەر بڕیاری دادگاکەی ئیستەنبوڵ هەتا وردەکارییەکانی بڕیارەکە نەبینن. ئەردۆغان ئەوەشی خستەڕوو، کە لەکاتی دەستپێکردنی پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بە لایەنی ئیسرائیلیان گوتووە ناتوانن رێگە لەو کەیسانە بگرن کە خێزانی کوژراوانی رووداوەکە لە دادگاکان کردوویانەتەوە.

رۆژی 26-5-2014 دادگای تورکی کە لێکۆڵینەوە لە کەیسی کوشتنی 10 هاووڵاتی وڵاتەکەی دەکات لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، بڕیاری دەستگیرکردنی دەرکرد بۆ سەرۆکی پێشووی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لەگەڵ 2 جەنەراڵ و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سەربازی ئەو وڵاتە، کە لە کاتی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر پاپۆڕی "ماڤی مەڕمەڕە" لەسەر کار بوون.






رووداو
Top