"یەک لەسەر سێی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر لە تاران هەڵگری ڤایرۆسی ئایدزن"

سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئایدز لە ئێران رایگەیاند، لەسەدا 25ی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر کە سرنج بەکاردەهێنن لە تاران و لەسەدا 15ی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر لە ئێران، هەڵگری ڤایرۆسی نەخۆشی ئایدزن.

دکتۆرە مینو مۆحرێز، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەوکردن و سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئایدز لە ئێران، لەبارەی بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی (ئێچ ئای ڤی) واتە ئایدز لە ئێران هۆشداری داوە.

مۆحرێز لە لێداونێکدا بۆ فارس نیوز رایگەیاندووە، بەکارهێنانی مادەی هێرۆیین و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئایدز لە رێگەی سرنج زیادیکردووە.

بەپێی دوایین ئاماری فەرمی راگەیەندراو، نزیکەی 200 هەزار بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر لە ئێران، لە رێگەی سرنج مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنن و ژمارەی ئەو کەسانەی هەڵگری ڤایرۆسی ئایدزن، بە نزیکەی 100 تا 120 هەزار کەس خەمڵێندراوە، کە چوونەتە ناو قۆناخی تووشبوون بە ئایدز.

کاتێک ڤایرۆسی ئایدز دەچێتە لەشی مرۆڤ، 2 تا 15 ساڵ ماوەی دەوێ بۆ ئەوەی نەخۆشی ئایدز لەو کەسەدا بە تاقیکردنەوە ئاشکرابێت و لە سەرەتادا نەخۆشییەکە خۆی وەک ئەنفلۆنزا پیشان دەدات.

توشبووان بە نەخۆشی ئایدز بە بەکارهێنانی سرنج و جوتبوون دەتوانن ئەو نەخۆشییە بۆ کەسانی دیکەش بگوازنەوە.

سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئایدز لە ئێران راشیگەیاندووە، بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە جۆری شیشە، دەبێتە هۆی لەناوچوونی خانەی مێشکی گەنجەکان و بەمەش کۆنتڕۆڵی خۆیان لەدەستدەدەن و لە کۆبوونەوە گشتییەکانیان لەگەڵ کەسانی دیکە پەیوەندی سێکسی دروستدەکەن و هەر ئەمەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئایدز.

بەپێی دوایین لێکۆڵینەوەکان، متیل ئەمفتامین یان هەمان شیشە، پاش تلیاک لە ئێران زیاترین بەکارهێنەری هەیە و پاشان مادەکانی هۆشبەر لە جۆری کراک، هیرۆیین و حەشیش دێن.

ئەم گوتانە لە کاتێکدایە کە محەممەد حەسەن قوربانی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی تەندروستی پەرلەمانی ئێران مانگی رابردوو رایگەیاندبوو، ژمارەی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر لە ئێران لە ئەفغانستان زیاترە و ئەمەشی بە ئەنجامی "سیاسەتی نا سەرکەوتووی ئێران" بۆ رووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەر لەقەڵەمدابوو.










رووداو
Top