پاپا فرانسیس سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

 پاپا فرانسیس سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان، لە سەردانێكی مێژوویدا روویكردە فەلەستین و ئیسرائیل، لەو سەردانەیدا سەردانی هەریەكە لە شارەكانی بەیتول لەحم و قودس یان ئۆرشەلیم دەكات و پێش گەیشتنیشی بە فەلەستین، گەیشتە ئوردن و بڕیارە سەردانی جەند شوێنێكی كاتۆلیك و ئۆرتۆدۆكسەكان لەو وڵاتە بكات.

ئەم سەردانەی پاپا فرانسیس لە جیهانی مەسیحیدا وەك سەردانێكی مێژوویی لێكدەدرێتەوە، چونكە لەو سەردانەیدا لەگەڵ بارتۆلۆمیوی یەك، سەركردەی رۆحیی جیهانیی مەسیحی ئۆرتۆدۆكس، كڵێسای گۆڕی پیرۆز بەسەر دەكەنەوە .

ئەم سەردانەی پاپا هاوكاتە لەگەڵ 50هەمین ساڵڕۆژی یەكەمین دانوستاندن و ئاشتبوونەوەی هەردوو مەزهەبی ئۆرتۆدۆكسی و كاتۆلیكی مەسیحی، كە سەدەهایەك لە دوژمانەیتیدا دەژیان.

پیرباتیستا پیزابالا، نوێنەری خزمەتی مەسیحییەت لە خاكی پیرۆز رایگەیاندووە، "ئامانجی سەرەكی پاپا فرانسیس و پاتریارك بارتۆلۆمیو لە خاكی پیرۆز و ئۆرشەلیم، یادكردنەوە و ئاهەنگێڕان و كۆبوونەوەیە، بە بۆنەی ئەوەی 50 ساڵ لەمەوبەر لەنێوان ئەو دوو كڵێسایەدا ئەنجامدرا".

لەساڵی 1964 لەسەر چیای زەیتوون، پاپا پاوڵی شەشەم، لەگەڵ پاتریارك ئاتهیناگۆراس، سەركردەی رۆحی ئۆرتۆدۆكس كۆبووەوە و كۆتاییان بە ئاڵۆزییەكانی سەدەها ساڵەی نێوان ئەو دوو مەزهەبەی مەسیحیدا هێنا، ئێستاش پاپا فرانسیس دوای پەنجا ساڵ، بۆ پیرۆزكردنی ئەو رۆژە روودەكاتە فەلەستین و ئیسرائیل، هەر بەو هۆیەشەوە، بڕیارە پاپا چاوی بە بەرپرسانی فەلەستینی و ئیسرائیلی بكەوێت، بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی نێوانیان، كە هەندێك لایەن ئەم هەوڵەی پاپایان، وەك ئاشتكردنەوەیەكی ئایینی داناوە، لەنێوان مسوڵمان و جوولەكە بە ئامادەبوونی مەسیحییەت.

لە سەدەی 11 و لە ساڵی 1054، ئینشیقاق لەنێوان ئەو دوو جۆرە لە باوەڕی مەسیحی روویدا و لەوكاتەوە ئەو دوو مەزهەبە واتە ئۆرتۆدۆكس و كاتۆلیك، لە دوژمنایەتییەكدا دەژیان، كە هەریەكەیان ئەوی دیكەی بە لەڕێ لادان تۆمەتباردەكرد، سەرەتای كێشەكەش لەوە دەستیپێكرد، كاتێك لەو ساڵانەدا كڵێسای مەسیحییەتی رۆژهەڵاتیی بە سەركردایەتی پاتریارك كۆنستانتینۆپڵ، لە كڵێسای رۆمی جیابووەوە. دوای جیابوونەوەکەش، كێشەكە وەك دوژمنایەتییەكی لێهات تاوەکو لەساڵی 1964 لەو كۆبوونەوەیەدا كۆتایی پێهات و پاپا و سەركردەی ئۆرتۆدۆكس، تەوقەیەكیان كرد و ناونرا، ئەو تەوقەیەی كۆتایی بە سەدەها ساڵ لە دوژمنایەتی هێنا.





رووداو
Top