ئەبو حەمزە بە هاوکاری رێکخراوە تیرۆریستییەکان تاوانبار کرا

ئەبو حەمزە بە هاوکاری رێکخراوە تیرۆریستییەکان تاوانبار کرا
دادگایەکی شاری نیۆیۆرکی آمریکا، ئەبو حەمزەی مصری بە هاوکاری ڕێکخراوی قاعیدە تاوانبار کرد.



دادوەری گشتی شاری نیۆیۆرک رایگەیاند، ئەبوحەمزە- کە ناوە فەرمییەکەی مستەفا کامیل مستەفا-یە، ساڵی ١٩٩٨ لە رفاندنی ١٦ گەشتییار لە یەمەن دەستی هەبووە و هەوڵی داوە لە ویلایەتی "ئورگان" لە ئەمریکا بنکەیەکی ڕاهێنان بۆ تیرۆریستان بکاتەوە.

ئەبو حەمزە کە تەمەنی ٥٦ ساڵە تۆمەتەکانی رەت کردۆتەوە.



ناوبراو بە هۆی وتارە تووندەکانی لە تەنیشت مزگەوتی "فینزبێری پارک" لە بەریتانیا ناوبانگی دەرکرد.



ئەبوحەمزە لە یەکێک لە ووتارەکانی باسی چاکەی ئەو کەسانەی کردبوو لە ١١ی سێپتەمبری ٢٠٠١ لە ئەمریکا، فڕۆکەکانیان ڕفاند و خۆیان بە تاوەرەکان دادا.



بریتانیا دوای حەوت ساڵ لە گرتنی، ساڵی ٢٠١٢ ئەبوحەمزەی ڕادەستی ئەمریکا کردەوە.





دەستەی داواکاری گشتی دادگای نیۆیۆرک رایگەیاند، ئەبوحەمزە لە هەموو ئەو ١١ تۆمەتە تیرۆریستییەی خرابوونە پاڵی بە تاوانبار دەرچوو.



پریت بەهارارا دادوەری گشتی دادگای نیۆیۆرک ڕایگەیاند: تۆمەتبار نەک لە بەر گووتەکانی بەڵکوو لە بەر کردەوەکانی بە تاوانبار دەرچوو.



هەروەها گووتی: ئەبوحەمزە تەنیا وتار بێژێکی ئایینی نەبوو بەڵکو ڕاهێنەرێکی تیرۆریستەکان بوو.



لە کاتی دادگایی کردنەکە دا ئەبوحەمزە گوتبووی هاوکاری دەزگای ئاسایشی بریتانیا(ئێم ئای ٥)ی کردووە.

رۆژی ٩ی سپتەمبەر تاوانەکەی پێرادەگەیەنرێت کە لەوانەیە زیندانی هەتاهەتایی بدەنێ.
Top