پارێزگاری مانیسا بارودۆخی نائاسایی لە سۆما راگەیاند
بە هۆی بەفراوانبوونی خۆپیشاندانەكانی دژی كاربەدەستانی حكوومەت و بەرپرسانی ئەو كانەخەڵووزەی كە تێیدا كارەسات رووی دابوو و بە هۆیەوە 301 كرێكار گیانیان لە دەست دابوو، پارێزگاری مانیسا بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە بارودۆخی نائاسایی لە ناوچەكەدا راگەیاند.
لەم بارەیەوە ماڵپەڕی خەبەرلەری توركی بڵاوی كردەوە، دوای پەرەسەندنی شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزی پۆلیس كە دوێنێ روویان دابوو و بە هۆیانەوە 30 كەس بریندار و نزیكەی 40 كەسیش دەستگیر كرابوون، ئەمڕۆ یەكشەممە پارێزگاری مانیسا بارودۆخی نائاسایی لە ناوچەكەدا راگەیاند.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە هاتوچۆ بۆ ناوچەی سۆما قەدەغە كراوە و تەنیا ئەو كەسانەی دانیشتووی ناوچەكەن بۆیان هەیە بسووڕێنەوە، هێزەكانی پۆلیسیش رێگە بە هیچ كەس و لایەنێك نادەن سەردانی ئەو ناوچەیە بكەن.
هەر هەمان سەرچاوە لەسەر زاری پارێزگاری مانیسای گواستووەتەوە كە لە ئەنكەرە، ئیستەنبوڵ، دەنیزلی و ئیزمیردا هێزێكی زۆر بۆ پاراستنی ئارامیی ناوچەكە و كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخەكە ڕەوانەی سۆما كراوە و ئەنجامدانی هەر جۆرە كۆڕ، كۆبوونەوە و چالاكییەك قەدەغەیە و پۆلیس مۆڵەت بە هیچ كەس و لایەنێك نادات هیچ جۆرە گردبوونەوەیەك ئەنجام بدرێت.