ئەردۆغان دوایین ژمارەی كوژراوانی راگەیاند

 ئەردۆغان دوایین ژمارەی كوژراوانی راگەیاند
سەرۆك وەزیرانی توركیا دوای ئەوەی سەردانی شوێنی رووداوی تەقینەوەی كانە خەڵوزی شارۆچكەی سۆمای سەر بە شاری مانیسای كرد، ژمارەی كوژراوانی ئاشكرا كرد.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک وەزیرانی تیورکیا لە شوێنی تەقینەوەی کانە خەڵوزەکە، ژمارەی کوژراوانی راگەیاند و گوتی "ژمارەی كوژراوان 232 كەسە".

لە نێو كانەكە هەوڵەكان بۆ دەرهێنانی كرێكارانی كانەكە بەردەوامە، ئەگەرچی دوای تێپەڕێنی زیاتر لە 20 كاژێر بەسەریدا، تادێ هیوای رزگاركردنیان كەمتر دەبێتەوە.

سامی كڵچ، كە یەكێك بوو لە كرێكارە رزگاركراوەكان، گوتی: پێشبینی دەكەم 350 تا 400 كەس هێشتا لە ژوورەوە مابنەوەو ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییان هەیە.

سامی کڵچ هەروەها وەها باسی رووداوەکەی کرد، "كاتێك یەكەی كۆنتڕۆڵ تەقییەوە، كارەبا لە نێو تونێل و راڕەوەكاندا نەما، بە نەمانی كارەباش لە ژوورەوە ئەو با گێڕانەی هەوای پێویست بۆ نێو تونێلەكە دابیندەكەن لەكاركەوتن، ئەمەش ئەگەری ژیان كەمدەكاتەوە".

دوای رووداوەکە، لە گوند و ئاواییەكانی دەوروبەری سۆما دەستكراوە بە كۆكردنەوەی تابووت بۆ تەرمی قوربانییەكان، هاوكات كارەكانی گۆرهەڵكەندن دەستیپێكردوە.







رووداو
Top