لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو سەربازە بەریتانیانە دەكرێت كە لە عێراق تاوانیان ئەنجامداوە

 لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو سەربازە بەریتانیانە دەكرێت كە لە عێراق تاوانیان ئەنجامداوە
فاتۆ بنسودا، داواكاری گشتی دادگای تاوانەكانی نێودەوڵەتی لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "جارێكی دیكە لێكۆڵینەوە لەو تاوانانە دەكات كە سەربازانی بەریتانیا لە سەروبەندی جەنگی عێراق ـ ئەمریكا لە ساڵی 2003 ئەنجامیانداوە".

فاتۆ بەنسودا گوتیشی: "دوای پێشكەشكردنی چەند سكاڵایەكی نوێ سەبارەت بە خراپ مامەڵەكردنی سەربازانی بەریتانی لەگەڵ بەندكراوانی عێراق لە نێوان ساڵانی 2003 ـ 2008 دادگای تاوانەكانی نێودەوڵەتی بڕیاریدا دووبارە لێكۆڵینەوە لەو كەیسە دەستپێبكاتەوە".

لای خۆیەوە حكومەتی بەریتانیا رەتیكردەوە هێزە سەربازییەكانی لە جەنگی عێراق ـ ئەمریكا لە ساڵی 2003 پێشێلكارییان ئەنجامدابێت، دووپایشیكردەوە "لەپێناو دەركەوتنی راستییەكان، هاوكاری تەواوی دادگای تاوانەكانی نێودەوڵەتی دەكات".

سەبارەت بە دووبارە دەستپێكردنەوەی لێكۆڵینەوەكان لەلایەن دادگای تاوانەكانی نێودەوڵەتی (ICC) ی تایبەت بە ئەنجامدانی تاوانی خراپ مامەڵەكردنی سەربازانی بەریتانی لەهەمبەر بەندكراوانی عێراق، دۆمینیك گریف، داواكاری گشتی بەریتانی لە بەیاننامەیەكدا گوتی: "حكومەتی بەریتانیا تەواوی ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە سەربازانی بەریتانیا لە جەنگی عێراق ـ ئەمریكا لە ساڵی 2003 مامەڵەی خراپیان لەگەڵ بەندكراوانی عێراقی كردبێت".

ژمارەیەك پۆلیس و لیكۆڵەرەوەی خانەنیشین لە بەریتانیا دەزگایەكی سەربەخۆیان دامەزراندووە كە تایبەتە بە لێكۆڵینەوەی پێشێلكارییەكانی سوپای بەریتانیا دژی هاووڵاتیانی سڤیل لە عێراق، لە نێوان ساڵانی 2003 ـ 2009 تیمەكەش بەناوی تیمی سكاڵا مێژووییەكانی عێراقە(IHAT)و ژمارەیان 145 كەسەو لێكۆلەرەوەی مەدەنی خانەنیشینكراو (مارك واوك) سەرۆكایەتییان دەكات.







رووداو
Top