هێرشێكی چه‌كداریی بۆ سه‌ر كۆشكی كۆماری یه‌مه‌ن، كوژراوی لێكه‌وته‌وه‌

هێرشێكی چه‌كداریی بۆ سه‌ر كۆشكی كۆماری یه‌مه‌ن، كوژراوی لێكه‌وته‌وه‌
پێنج له‌پاسه‌وانانی گاردی كۆماری یه‌مه‌ن كوژران، به‌هۆی هێرشی چه‌ند چه‌كدارێك بۆ سه‌ر كۆشكی كۆماریی و روودانی پێكدادان له‌ به‌رده‌م پشتێنه‌ی ئه‌منی كۆشكه‌كه‌، ئه‌مڕۆ هه‌ینی ( 9 ئایار 2014).

به‌پێی زانیارییه‌كان، هێرشه‌كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراوه‌وه‌ بووه‌، به‌سواری دوو ئۆتۆمبێل كه‌یه‌كێكیان له‌جۆری نیسان و ئه‌وی دیكه‌شیان له‌جۆری تۆیۆتا هایلۆكس، چه‌كداره‌كان له‌و په‌لاماره‌دا چه‌ك و ئار بی جی یان به‌كار هێناوه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا پاسه‌وانانی گاردی كۆماری یه‌مه‌ن، به‌رپه‌رچی هێرشه‌كه‌یان داوه‌ته‌وه‌و به‌هۆیه‌وه‌ ده‌نگی ته‌قه‌ی زۆر له‌ناوچه‌ی ده‌وروبه‌ری كۆشكی كۆماری بیستراوه‌، وپێده‌چێت پێكدادانه‌كه‌ درێژه‌ی هه‌بێت، به‌وته‌ی شایه‌تحاڵه‌كان.

پێشریش، هه‌ر ئه‌مڕۆ، كاروانی ئۆتۆمبێله‌كانی وه‌زیری به‌رگری یه‌مه‌ن و سه‌رۆكی ده‌زگای ئاسایش كه‌وتنه‌ بۆسه‌ی كۆمه‌ڵێكی سه‌ر به‌ رێكخراوی قاعیده‌، له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌ ناوچه‌ی محفه‌د له‌ ئه‌بین به‌ره‌و عه‌تق له‌پارێزگای شبوه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ پێكدادان له‌نێوان پاسه‌وانه‌كانی وه‌زیری به‌رگریی و چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌قاعیده‌ رویدا، بێئه‌وه‌ی زیانی گیانیی لێبكه‌وێته‌وه‌.






خه‌ندان
Top