ئەنجومەنی ئاسایش رفاندنی قوتابیانی کچی نایجیریایی بە توندی شەرمەزار کرد

ئەنجومەنی ئاسایش رفاندنی قوتابیانی کچی نایجیریایی بە توندی شەرمەزار کرد
ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە دەرکردنی راگەیەنراوێک رفاندنی سەدان کچە قوتابیی نایجیریای بە دەستی گروپە ئیسلامییەکان بە توندی شەرمەزار کرد و داوا دەکات نوێنەری ئەم رێکخراوە جهیانییە بچێتە یارمەتی قوتابییە رفێندراوەکان.


ئەنجومەنی ئاسایش، وێرای دەربڕینی دڵگرانی لەوەی کە سەرۆکی رفێنەران هەڕەشەی فرۆشتنی کچە بە دیل براوەکانی کردووە، داوا دەکات ئەم کچانە لە زووترین کاتدا ئازاد بکرێن.

ئەم راگەیەنراوە، لە کاتێکدا بڵاو دەکرێتەوە کە پێشترێ رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سوپای نایجیریای تۆمەتبار کردبوو کە چوار کاتژێمر بەر لە هێرش بۆسەر کچە رفێندراوەکان لەم باریەوە هوشداریی پێدراوە، بەڵام سوپا ئەم هوشداریدانەی بە کەم وەرگرتووە.


سوپای نایجیریاش ئەم تۆمەتە رەت دەکاتەوە و دەڵێت بە شەو و بەرڕۆژ بە دوای دۆزینەوەی قوتابیە دزراوەکاندا خەریکی گەڕان و پشکنینە.

شایانی باسە، سێ هەفتە لەمەوبەر نزیکە ٣٠٠ قوتابیی کچی نایجیریایی لە باکووری ئەم وڵاتە رفێنران. گروپی ئیسلامگەرای "بوکوحەرام" کە بەرپرساریەتیی رفاندنەکەی گرتووەتە ئەستۆ، دژی خوێندنی کچانە بە شێوازی رۆژئاوایی.
Top