موبارەك هۆكاری بەپەلە دەستلەكاركێشانەوەی لە سەرۆكایەتی میسر ئاشكراكرد

 موبارەك هۆكاری بەپەلە دەستلەكاركێشانەوەی لە سەرۆكایەتی میسر ئاشكراكرد
حوسنی موبارەك، سەرۆكی پێشووی میسر لەدوایین لێدوانیدا لەسەر سەرهەڵدانی ناڕەزاییەكان دژی حوكمی 30 ساڵەی دەسەڵاتەكەی دەڵێ دەڵێت "چارم نەمابوو، یان دەبوو دەست لەدەسەڵاتی میسر هەڵگرم، یان وڵات دەبووە دەریای خوێن".

محەممەد حوسنی موبارەك، سەرۆكی پێشووی میسر لە دیدارێكیدا لەگەڵ هونەرمەند حەسەن یوسف، كە بەبۆنەی 86 ساڵەی لەدایكبوونی لە نەخۆشخانەی مەعادی سەربازی سەردانی كردبوو، ئاشكرایكردووە " زانیاریی هەبووە ئیخوان شانەی چەكداری پێكهێناوە و مەیدانی تەحریر و شەقامیان كۆنتڕۆڵ كردووە، چۆڵكردنی گۆڕەپانیش لەلایەن گەنجان دوای جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان بە واتای كۆتاییهاتنی شۆڕش و مانەوەی رژێم دێت، كە ئیخوان ئەمەیان نەدەویست".

موبارەك لە بەشێكی دیكەی دانیشتنەكەیان لەگەڵ هونەرمەند حەسەن یوسف، دەڵێت "رۆژی 11 شوبات، لەگەڵ خێزانەكەمان لە شەرەم ئەلشەیخ بووم، عومەر سلێمان پەیوەندی پێوەكردم و گوتی ئیخوان دەستی بەسەر مەیدانی تەحریردا گرتووە و گەنجانی شۆڕشگێڕ دەكوژن و بەرپرسیارێتییەكەشی دەخەنە ئەستۆی سوپا.. چی بكەین؟".

موبارەك دەڵێت "بە عومەر سلێمانم راگەیاند، كە بڕیاری خۆمم داوە و دەست لە دەسەڵاتی میسر هەڵدەگرم، بۆئەوەی دەرفەت نەدەمە ئیخوان و خوێنی لاوانی میسر نەڕژێت.. عومەر سلێمان لە وەڵامدا پێی گوتم، ئەمەیان بڕیارێكی بەپەلەیە.. وەڵامم دایەوە و پێم گوت: چاوەڕێ مەكە و دەمودەست خۆت بگەیەنە پەخشی راستەوخۆ و بڕیاری دەستهەڵگرتنم لەدەسەڵات رابگەیەنە".

موبارەك لەبارەی رووداوەكانی ئەو كاتە هەروەها دەڵێت "شەوی پێشووتر هەموو دەسەڵاتەكانی خۆم سپاردبووە عومەر سلێمان، بەڵام حاڵەتی رۆژی 11 شوبات بایەخی زیاتری دەویست، چونكە ئیخوان هەمان سیناریۆی رابیعەی ئامادەكردبوو، كە دەیانویست سوپا و گەل رووبەڕووی یەكتری بكەنەوە، لەو حاڵەتەش بڕیار دەبووە بڕیاری سوپا".

لەبارەی جێنەهێشتنی میسر و هەڵنەهاتنیشی بۆ دەرەوەی میسر، موبارەك گوتوویەتی " تاوەكو ئەوكاتەی بڕیاری دادگام بۆ دەرچوو، بە تۆمەتی كوشتنی خۆپیشاندەران، لەگەڵ خێزانەكەم لە شەرم ئەلشەیخ مامەوە، میسر كە تیایدا لەدایكبووم و پەروەردەبووم و گەورەبووم، لەپێناویدا شەڕم كردووە و تێكۆشاوم، رەتمكردەوە جێیبهێڵم".

لەساڵی 1981 حوسنی موبارەك دەسەڵاتی سەرۆكایەتیكردنی میسری گرتەدەست و 30 ساڵی خایاند، بەڵام گەنجانی میسر لە 25ی یەنایەری 2011 دەستیان بە شۆڕش كردو بە 18 رۆژ لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی كۆتاییان بە دەسەڵاتی 30 ساڵەی موبارەك هێناو لە 11ی شوباتی 2011 عومەر سلێمان دەستبەرداربوونی موبارەكی لە سەرۆكایەتیكردنی وڵات راگەیاند.








رووداو
Top