هەشت کچی دیکە لە نایجیریا ڕفێندران

هەشت کچی دیکە لە نایجیریا ڕفێندران
هەشت کچی دیکە لە قوتابخانەیەک لە باکووری نایجیریا ڕفێندران.



گومان دەکرێت گروپی ئیسلامی "بوکوحەرام" دەستی لە رفاندنی ئەو هەشت کچە دا هەبێت.



کچەکان رۆژی یەک شەممە لە قوتابخانەیەکی گوندی "وارابە" لە ویلایەتی "بورنو" لە باکووری نایجیریا رفێندران و تەمەنیان لە نێوان ١٢ بۆ ١٥ ساڵە.



سێ حەوتوو لە مەوبەر نزیکەی ٢٣٠ کچە قوتابی ١٦ بۆ ١٨ ساڵان لە قوتابخانەیەکی باکووری نایجیریا رفێندران.



رۆژی دوشەممە(٥ی ئایار) گروپی ئیسلامی بوکو حەرام بەرپرسیاریەتی رفاندنی ئەو ٢٣٠ کچەی گرتە ئەستۆ و ڕابەری گروپەکەش لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی دا هەڕەشەی فرۆشتنی کچەکانی کرد.



ئەبوبەکر شیکاوی لە پەیامەکەی دا دەڵێت: دەبوو ئەو کچانە بە جێی خوێندن شوویان کردبا.



ئەو بەرپرسەی گروپی بوکو حەرام گوتویەتی: " خوا فەرمانی پێکردووم ئەو کچانە بفرۆشم،ئەوانە موڵکی خواوەند و من فەرمانەکانی خوا بە جێ دەگەیەنم."



حەوتووی رابردوو هەواڵێکی وا بڵاو بۆوە بەشێک لەو کچانە ناچار کراون شو بە رفێنەرەکان بکەن.



گروپی ئیسلامی بوکو حەرام ناوە فەرمییەکەی بە عەرەبی "جماعة أهل السنة للدعوة والجهاد"ە و زیاتر لە دەیەیەک دەبێت لە باکووری رۆژهەڵاتی نایجیریا و کامیرون چالاکی دەکات.



بوکو حەرام بە مانای "پەروەردەی رۆژئاوایی قەدەغەیە" دێت و ئەو گروپە لەم ساڵانەی دوایی دا چەند هێرشی بۆ سەر ناوەندەکانی خوێندن لە نایجیریا کردووە.
Top