گروپی ئیسلامی بوکو حەرام هەڕەشەی فرۆشتنی کچە رفێنراوەکان دەکات

گروپی ئیسلامی بوکو حەرام هەڕەشەی فرۆشتنی کچە رفێنراوەکان دەکات
گروپی ئیسلامی بوکو حەرام بەرپرسیاریەتی رفاندنی زیاتر لە ٢٠٠ قوتابی کچی لە نایجیریا گرتە ئەستۆ و هەڕەشەی فرۆشتنیان دەکات.



بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەکان، ئەبوبەکر شیکاو ڕابەری گروپی ئیسلامی بوکو حەرام لە پەیامێکی ڤیدیۆیی دا کە دەست ئاژانسی فەرانسە کەوتووە دەڵێت: "ئەمن کچەکانی ئێوەم ڕفاند."



رۆژی ١٤ی نیسان نزیکەی ٢٣٠ قوتابی کچ لە قوتابخانەیەک لە باکووری رۆژهەڵاتی نایجیریا ڕفێندران.



ئەبوبەکر شیکاوی لە پەیامەکەی دا دەڵێت: دەبوو ئەو کچانە بە جێی خوێندن شوویان کردبا.



ئەو بەرپرسەی گروپی بوکو حەرام گوتویەتی: " خوا فەرمانی پێکردووم ئەو کچانە بفرۆشم،ئەوانە موڵکی خواوەند و من فەرمانەکانی خوا بە جێ دەگەیەنم."



حەوتووی رابردوو هەواڵێکی وا بڵاو بۆوە بەشێک لەو کچانە ناچار کراون شو بە رفێنەرەکان بکەن.



گروپی ئیسلامی بوکو حەرام ناوە فەرمییەکەی بە عەرەبی "جماعة أهل السنة للدعوة والجهاد"ە و زیاتر لە دەیەیەک دەبێت لە باکووری رۆژهەڵاتی نایجیریا و کامیرون چالاکی دەکات.

بوکو حەرام بە مانای "پەروەردەی رۆژئاوایی قەدەغەیە" دێت و ئەو گروپە لەم ساڵانەی دوایی دا چەند هێرشی بۆ سەر ناوەندەکانی خوێندن لە نایجیریا کردووە.
Top