تۆماس فریدمان: تونس و کوردستان دوو نموونەی سەرکەوتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن

 تۆماس فریدمان: تونس و کوردستان دوو نموونەی سەرکەوتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن
نووسەری بەناوبانگی ئەمریکی تۆماس فریدمان دەڵێ "ئەوەی من لە شەڕی عێراق لێی فێربووم ئەوەیە کە هاوپەیمانە راستەقینەکانی ئەمریکا وەکو کورد بە یارمەتییەکی کەمی ئەمریکا چیرۆکی سەرکەوتن لە ناوجەرگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمار دەکەن".

تۆماس فریدمان ، نووسەر وگۆشەنووسی ئەمریکی کە هەفتانە دووجار لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەنووسێت، رەخنەی تووند لە ئۆباما و سیاسەتی دەرەوەی دەگرێت.

فریدمان باسی کوردستان و تونس وەکو دوو چیرۆکی سەرکەوتنی دیموکراسی و چاکسازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باسدەکات. ئەو کە یەکێکە لە دەنگە کاریگەرەکانی رۆژنامەوانی ئەمریکی، دەنووسێت "ئەرێ کەسمان تێبینی ئەوەمان کردووە کە کوردستان و تونس تاکە جێگان کە ریفۆرمی گەورەیان بە سەرکەوتوویی ئەنجامداوە، لەکاتێکدا ئەمریکا کەمترین یارمەتی داون".

لە بابەتەکەیدا نووسەر، کوردستان وەکو چیرۆکێکی نەبیستراو ناودەبات و بەراوردی دەکات بە شکستەکانی وڵاتانی دیکە وەکو عێراق و ئەفغانستان و لیبیا کە دەڵێ "هەرچەندە ئێمە (ئەمریکا) زۆر یارمەتی ئەو وڵاتانەماندا، بەڵام بەهۆی ناکۆکی ناوخۆییان شکستی خوارد".

لە بەشێکی دیکەدا فریدمان لە وتارەکەیدا شکست و سەرکەوتنەکانی ئەمەریکا باسدەکات لە پشتگیریکردنی وڵاتان بۆ ئەوەی ریفۆرمی دیموکراسی ئەنجام بدەن.

ئەم وتارەی فریدمان وەکو خۆی دەڵێت وەڵامێکە بۆ رەخنەگرانی سیاسەتی دەرەوەی باراک ئۆباما کە بە سست و بێباک تۆمەتباری دەکەن لە یارمەتیدانی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا.








رووداو
Top