زیاتر لە 100 "موجاهید"ی هۆڵەندی لە سووریان

 زیاتر لە 100
دەزگای هەواڵگری هۆڵەندا رایگەیاند، لە ماوەی ساڵی 2013 زیاتر لە 100 هۆڵەندی بۆ جیهادكردن روویان لە سووریا كردووە، تاوەكو ئێستاش نزیكەی 10 كەسیان لە بەرەكانی جەنگ لەو وڵاتەدا كوژراون.

دەزگای هەواڵگری هۆڵەندا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ئاشكرایكردوە، كە "لە ماوەی ساڵی 2013 زیاتر لە 100 هاووڵاتی هۆڵەندی بۆ جیهادكردن دژی سوپای سووریا روویان لەو وڵاتە كردووە، هاوكات ژمارەی ئەو هۆڵەندییانەی روو لەسووریا دەكەن بەردەوام لەبەرزبوونەوەدایە".

راپۆرتەکەی دەزگای هەواڵگری هۆڵەندی هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، کە لە ماوەی هەمان ساڵدا، نزیكەی 20 كەس لەو "جیهادییانە" گەڕاونەتەوە، بەڵام لەوانەیە بە ئەنجامدانی هێرشی خۆكوژی لە رۆژئاوا رانەسپێردرابن.

دەزگای هەواڵگری هۆڵەندا دەشڵێت: "تاوەكو ئێستا دوو هێرشی خۆكوژی لەلایەن جیهادییە هۆڵەندییەكان لە عێراق و سووریا ئەنجامدراوە".

بە مەبەستی چارەسەركردنی ئەم كێشەیە حكومەتی فەرەنسا زنجیرەیەك رێكاری تایبەتی راگەیاند، كە پێویستە چەند وڵاتێكی ئەرووپاش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم كێشەیە بیگرنەبەر".

بەپێی راگەیەنراوێكی حكومەتی فەرەنسا، نزیكەی 300 هاووڵاتی فەرەنسی بە مەبەستی جیهادكردن روویان لە سووریا كردووە.







رووداو
Top