ئەردۆغان: كورد پێکهاتەیەکی سەرەکی توركیایە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیا لە كۆبوونەوەی هەفتانەی لەگەڵ فراكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا، كوردی بە پێكهاتەیەكی سەرەكی توركیا ناوبرد و رایگەیاند، كە لە دوای جەنگی جیهانی یەكەم كورد بە ویستی خۆیان بوون بە بەشێك لە كۆماری توركیا.
ئەردۆغان پێیوابوو، كە پێش ساڵی 1920، چەند لایەنێكی دەرەكی كاریان بۆ ئەوە كردووە، كە كورد جودا بكەنەوە لە توركیا، بەڵام كوردەكان لە ئەنجامی گفتوگۆیەكی زۆر لەنێو خۆیاندا بڕیاریان داوە، كە لەگەڵ برا توركە مسوڵمانەكانیان پێكەوە بژین و لە 23ـی نیسانی 1920دا رایاگەیاندووە چارەنووسیان بەندە بە چارەنووسی برا توركەكانیانەوە.
سەرۆك وەزیرانی توركیا ئەوەشی ئاشكراكرد، كە ئەوان كورد بە كەمایەتی نابینن، بەڵكو وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی توركیا سەیری دەكەن.
23ـی نیسان ساڵیادی یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمانی توركیایە، كە ساڵی 1920 بە ناوی ئەنجوومەنی نەتەوەی گەورەی توركیا لەلایەن مستەفا كەمال ئەتاتوركەوە دامەزرێندراوە.
رووداو