رێبازی بن لادن شەڕ دەخاتە نێوان داعش و قاعیدە
داعش لەسەر زاری گوتەبێژەكەیان، بەناوی ئەبو محەممەد عەدنانی لە تۆمارێكی دەنگیدا، كە رۆژی هەینی لەسەر سەكۆ جیهادییەكان بڵاوكراوەتەوە، داوای لە چەكدارانی گرووپەكانی دیكە كردووە پشتیوانی رێكخراوەكەی بكەن لە ناكۆكییەكانی لەگەڵ قاعیدە و رایگەیاندووە "قاعیدە، قاعیدەی جاران نییە".
عەدنانی لە تۆمارە دەنگییەكەدا، گرووپەكانی سەرپشككردووە لە پشتیوانیی گرووپەكەی ئەوان، یان قاعیدە، بەڵام جەختی لەوە كردووەتەوە دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام لەسەر رێبازی ئوسامە بن لادن-ی دامەزرێنەر و سەرۆكی پێشووی قاعیدەیە، كە ساڵی 2011 لە كردەیەكی سەربازی هێزەكانی ئەمریكادا كوژرا.
داعش لەسەرەتای مانگی كانوونی دووەمەوە، لەشەڕی قورسدایە لەگەڵ گرووپەكانی دیكەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، لەسەرووشیانەوە بەرەی نوسرە، كە بە لقی سووریای رێكخراوی قاعیدە دادەنرێت و تائێستا لەشەڕی ناكۆكی نێوان ئەو رێكخستنانەدا 4 هەزار كەس كوژراون.
دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام، كە لە عێراق دامەزراوە، بووەتە جێگای رەخنەی چالاكوانانی سووریا و دەڵێن لە زۆربەی ئەو شوێنانەی كۆنترۆڵیان كردوون، رەفتاری ترسناكی نموونەی گوللەبارانكردن و لەخاچدان و دەستبڕین پەیڕەودەكەن.
لەمانگی شوباتەوە قاعیدە خۆی بێبەریكرد لە دەوڵەتی ئیسلامی و داوای لێكرد سووریا جێبهێڵێت.
رووداو