لە گۆڕانکارییەکی چاوەرواننەکراودا، سعودیە ئەمیر بەندەری گۆڕی

 لە گۆڕانکارییەکی چاوەرواننەکراودا، سعودیە ئەمیر بەندەری گۆڕی
بە فەرمانێکی شا عەبدوڵڵای سعودیە، ئەمیر بەندەر بن سوڵتان، سەرۆکی هەواڵگری سعودیە دەگۆڕدرێت، کە بە ئەندازیاری سیاسەتی ئەو وڵاتە لە سووریا دادەنرا.

بەپێی فەرمانەکە، ئەمیر بەندەر لەسەر داوای خۆی وازیهێناوە و جێگرەکەی یوسف ئەلئیدریس، جێگەی دەگرێتەوە.

هەندێک سەرچاوەی میدیایی باس لەوە دەکەن، کە ئەمیر بەندر توشی نەخۆشی درێژخایەن بووە و هەندێکیش دەڵێن رەنگە کێشەی ناوخۆیی بنەماڵەی باڵادەستی ئال سعود بێت.

ئەمیر بەندەر بۆ ماوەیەکی زۆر باڵێۆزی سعودیە بووە لە واشنتن و یەکێکە بووە لە نەیارەکانی رژێمی ئەسەد و ئێران. هەروەها رەخنەگرێکی تووندی سیاسەتەکانی ئۆباما بوو.

پرۆفایلی ئەمیر بەندەر:



هەر لە منداڵییەوە بە فێڵ گەورەبووە، وەك هاوڕێكانی و یەكێك لە هاوپۆلەكانی ولیام سمپسۆن دەڵێ لە كتێبێكیدا بەناوی ئەمیرەكە، ئەو رۆژی لە دایكبوونی خۆی گۆڕیوە تاوەكو بتوانێت لە هێزی شاهانەی سعودییە وەربگیرێت. ئەو كەسێكە بە رواڵەت عەرەبی ‌و بە عەقڵ ئەمریكی.

سوڵتان بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ باڵیۆزی وڵاتەكەی بووە لە واشنتۆن. توانیویەتی لە ماوەی مانەوەی لەوێ پەیوەندی سیاسی و دۆستانە لەگەڵ سیاسییەكانی ئەمریكا درووست بكات. پەیوەندییەكانی ئەوەندە دۆستانە بوو، كە سەرۆك بوشی كوڕ دەچووە ماڵی، هەروەها ئەویش بۆ سەردانی كۆشكی سپی پێویستی بە رۆتینات نەبوو.

لەدوای بەهاری عەرەبی و خۆپێشاندانەكان، بەندەر بووە تەنها كارتی بەهێزی سعودییە بۆ رێگەگرتن لە شەپۆلی گۆڕانكارییەكان، چونكە بەهۆی بوونی كەمینەیەك لە شیعە مەزهەب لە سعودییە، ئەو وڵاتە ترسی كاریگەرییەكانی بەهاری عەرەبی لێ نیشتبوو. بەندەر بە زوویی و بەبێ هۆكاری راگەیەنراو كرایە سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی سعودییە بە دەسەڵاتێكی زۆرەوە.

بەندەر كاریگەری زۆری هەیە بەسەر گروپە چەكدارەكانی ناو سوریا، مێژوویەكی هەیە لە مامەڵە لەگەڵ گروپە جیهادییەكان، بەهۆی ئەو باگراوندەی هەیەتی لە شەری ئەفغان، بە شێوەیەك خۆی دەڵێت بن لادن سوپاسی كردووە لەوەی توانیویەتی هاوكاری ئەمریكا بۆ موجاهیدینی ئەفغان مسۆگەر بكات.

بەندەر بە كەسێكی دژە ئێران ناسراوەوە باوەڕی وایە كە ئێران لە ئیسرائیل مەترسیدارترە، ئێرانیش وەك ئەمیری تیرۆریستان ناوی دەبات، چونكە بەپێی هەندێك كەس ئەو خەڵكێكی زۆری هەیە لەناو قاعیدە و خۆیشی لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ نیویۆرك تایمز باسی پەیوەندی خۆی و بن لادن-ی كردووە.

بەندەر توانی بەهاری عەرەبی هەڵبگەڕێنێتەوە بەتایبەتی لە میسر، چونكە دەزگای هەواڵگریی سعودییە بە كارەكتەری سەرەكی لە پشت رووخانی ئیخوان لە میسر دادەنرێت









رووداو

Top