له‌ پاسه‌وانی یانه‌ی شه‌وانه‌ بۆ ئیمامێكی جیهادیی توندڕه‌و

له‌ پاسه‌وانی یانه‌ی شه‌وانه‌ بۆ ئیمامێكی جیهادیی توندڕه‌و
ئه‌بو حه‌مزه‌ی میسری یان مسته‌فا كامل مسته‌فا مه‌ولود، ئه‌و توندڕه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌ره‌تا پاسه‌وانی یانه‌ شه‌وانه‌كانی به‌ریتانیا بووه‌ و دوای په‌یوه‌ندیكردنی به‌ گروپه‌ جیهادییه‌كان و ده‌ستگیركردنی، بڕیاره‌ له‌ دووشه‌ممه‌ی داهاتوو له‌ نیویۆرك دادگایی بكرێت.

ئه‌بو حه‌مزه‌ی ته‌مه‌ن 55 ساڵ، له‌ شاری ئه‌سكه‌نده‌رییه‌ی میسر له‌ باوكێكی ده‌ریاوان و دایكێكی مامۆستا له‌دایكبووه‌ و دوای وازهێنانی له‌ كۆڵیژی ئه‌ندازیاریی مه‌ده‌نی له‌ ساڵی 1979، چووه‌ته‌ له‌نده‌ن و وه‌ك كارمه‌ندێكی پێشوازی و پاشان پاسه‌وانی دیسكۆكان له‌ ناوچه‌ی سۆهۆ-ی له‌نده‌ن كاری كردووه‌.

ئه‌بوحه‌مزه‌ هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ كچێكی به‌ریتانیی مه‌سیحیی كاسۆلیك ده‌كات و دوای چوار ساڵ ده‌ستبه‌رداری ده‌بێت، دواتر ژنه‌ موسڵمانێك ده‌هێنێت و ساڵی 1986 بڕیار ده‌دات خوێندنه‌كه‌ی ته‌واو بكات و ئینجا ره‌گه‌زنامه‌ی به‌ریتانیی وه‌رگرت، ساڵی 1987 له‌كاتی به‌جێگه‌یاندنی فه‌ریزه‌ی حه‌ج، چاوی ده‌كه‌وێت به‌ عه‌بدوڵا عه‌زام، كه‌ به‌ دامه‌زرێنه‌ری بزووتنه‌وه‌ی جیهادیی نێوده‌وڵه‌تی و كه‌سایه‌تیی داده‌نرێت و یه‌كێكیشه‌ له‌و كه‌سه‌ سه‌ره‌كییانه‌ی كه‌ دژی داگیركاریی ئه‌فغانستان بووه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی پێشوو، هه‌ر ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌ بووه‌ بنه‌ما بۆ توندڕه‌وبوونی ئه‌بو حه‌مزه‌ و په‌یوه‌ستبوون به‌ ئیسلامه‌وه‌.

ساڵی 1989 و دوای كشانه‌وه‌ی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت، ئه‌بو حه‌مزه‌ چووه‌ ئه‌فغانستان و له‌وێ له‌ رووداوێكی ته‌قینه‌وه‌ی مین دا، هه‌ردوو ده‌ست و چاوێكی له‌ده‌ستدا، دواتر گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ به‌ریتانیا و گروپێكی ته‌وندڕه‌وی له‌ لایه‌نگرانی شه‌ریعه‌ت دامه‌زران و بووه‌ ئیمامی ئه‌و گروپه‌، دواتر چووه‌ بۆسنه‌ و تا ساڵی 1995 له‌وێ مایه‌وه‌.

له‌ ساڵی 1997ه‌وه‌ ده‌ستیكرد به‌ وتاردان له‌ مزگه‌وتی (فینسپۆری پارك) له‌ باكوری له‌نده‌ن و رۆڵی گه‌وره‌ی هه‌بوو له‌ هاندانی گه‌نجان به‌ره‌و توندڕه‌وی و ئاماده‌كردن و ناردنیان بۆ سه‌ربازگه‌كانی رێكخراوی قاعیده‌، چه‌ندین جاریش زه‌كه‌ریا موسه‌و و ریچارد رید، ئه‌و دوو ده‌ستگیركراوه‌ی به‌ زیندانی هه‌تاهه‌تایی له‌ ئه‌مریكا سزادراون، سه‌ردانی مزگه‌وته‌كه‌ی ئه‌بوحه‌مزه‌یان كردووه‌، له‌دوای 11ی سێپتێمبه‌ریش ئه‌و سۆزه‌ی نه‌شارده‌وه‌ كه‌ بۆ ئوسامه‌ بن لادن هه‌یه‌تی و به‌ پیاوباش وه‌سفی له‌قه‌ڵه‌می داوه‌.

دوای داخستنی مزگه‌وته‌كه‌شی له‌ ساڵی 2003 و دۆزینه‌وه‌ی چه‌ندین پاسپۆرتی ساخته‌ و دزراو، ئه‌بو حه‌مزه‌ هه‌ر به‌رده‌وام بوو له‌ وتاردان و له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان وتاری خۆی ده‌دا، بۆیه‌ ساڵی 2004 و له‌سه‌ر داوای ئه‌مریكا ئه‌بو حه‌مزه‌ به‌تۆمه‌تی رفاندنی چه‌ند گه‌شتیارێك له‌ یه‌مه‌ن ده‌ستگیركرا و ساڵی 2004 به‌ چوارساڵ زیندانی حوكم درا، زۆریش هه‌وڵی دا كه‌ نه‌كه‌وێته‌ده‌ست ئه‌مریكا، به‌ڵام دواجار له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌می 2012، ئه‌و كه‌سه‌ توندڕٍه‌وه‌ راده‌ستی ئه‌مریكا كرا و بڕیاریشه‌ له‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو له‌ نیویۆرك ده‌ست به‌ دادگایی كردنی بكرێت.






خه‌ندان
Top