ئێران ئەمریكییەك بە 10 ساڵ زیندانیكردن حوكمدەدات
پێشتر لەساڵی 2011دا، دادگای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئەمیر حیكمەتیی بە لەسێدارەدان حوكمدابوو، بەتۆمەتی ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا CIA دا هەیە و سیخوڕی بۆ ئەمریكا بەسەر ئێرانەوە کردووە. بەڵام ئاژانسی دەنگوباسی ئێرانی (ئیسنا) ئەمڕۆ بڵاویكردەوە، كە دادگایەكی فەرعیی ئێرانی حوكمی ئەمیر حیكمەتیی لە لەسێدارەدانەوە گۆڕی بۆ 10 ساڵ زیندانیكردن.
ئەمیر حیكمەتی، كە لەبنەڕەتدا هاووڵاتی ئێرانە، لەلایەن دادگای ئێرانەوە بەوە تۆمەتباركراوە، كە لە مارێنزی ئەمریكادا كاریكردووە و مەشقی تایبەتی لە سەربازگەكانی سوپای ئەمریكا لە ئەفغانستان و عێراق وەرگرتووە ، پێش ئەوەی بچێتە ئێران. بەڵام باوكی ئەمیر، كە نیشتەجێی ولایەتی میشیگانی ئەمریكایە، گوتی " كوڕەكەم سیخوڕی سوپای ئەمریكا نییە".
ئەمیر حیكمەتی ، كە هەڵگری هەردوو وەڵاتینامە (الجنسیە)ی ئەمریكی و ئێرانییە ، لە ولایەتی ئەریزۆنای ئەمریكا لەدایكبووە و لەساڵی 2011دا لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستگیركرا ، بە تۆمەتی ئەوەی سیخوڕی بۆ ئەمریكا دەكات و بە لەسێدارەدان حوكمدرا .
بەڵام دادگای باڵای ئێرانی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی حوكمی لەسێدارەدانەكەیدا، كە لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە بەرامبەری دەركرابوو و دۆسیەكەی ناردە دادگایەكی فەرعی ، كە رۆژی 12ـی ئەو مانگەدا ئەو دادگایە بە 10 ساڵ زیندان حوكمی دا.
رووداو