ئەمریکا هەوڵە یاساییەکانی بۆ لابردنی پارتی و یەکێتی لە لیستی تیرۆر دەستپێکرد
هەردوو سیناتۆر جۆن مەككین و رۆبێرت مێنندێز، پرۆژە یاساكەیان ئامادەكردووە و دەیانەوێ لە رێگەیەوە سنوورێك بۆ ئەو پۆلێنكردنە دابنێن، كە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەكداری پارتی و یەكێتی لەگەڵ رژێمی پێشووی عێراقدا.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردووەتەوە، كە باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پشتگیری لەو دەستپێشخەرییەی مەككین و مێنندێز دەكات.
مەككین لە بارەی پرۆژە یاساكەوە دەڵێ، كاتی ئەوە هاتووە چیتر وەك دوو رێكخراوی تیرۆریستی مامەڵە لەگەڵ یەكێتی و پارتی نەكەین. گوتیشی ئەم پۆلینكردنە ناپاكییە بەرامبەر بە كوردی هاوڕێ و هاوپەیمانمان، ئەوان كە هەمیشە هێزی سەقامگیركردنەوەی ناوچەكەن و ساڵانێكە پشتگیرییان بۆ ئەمریكا سەلماندووە.
مانگی شوباتی رابردووش بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندبوو، كە ئەویش لەگەڵ سڕینەوەی ناوی پارتی و یەكێتییە لە لیستی رەشی ئەمریكا.
بریت ماكگۆرك، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ کاروباری عێراق و ئێران لە بەردەم دانیشتنێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەكەی گوتبووی، دەیان ساڵە پارتی و یەكێتی و گەلی كورد بە گشتی نزیكترین دۆستی ئەمریكان لە ناوچەكەداو وای دەبینین كە دەبێ بە زووترین كات ناویان لە لیستەكە دەربهێنرێ.
ئەم پرسە ئەگەر چی سالانێكی زۆرە هەیە، بەلام دوای ئەوەی بەو هۆیەوە مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رەتیكردەوە سەردانی ئەمریكا بكات، هەڵوێستی جیا جیای بەدوای خۆیدا هێنا.
رووداو