سێ ئەندامی ئیخوان لە میسر كوژران

 سێ ئەندامی ئیخوان لە میسر كوژران
وەزارەتی ناوخۆی میسر رایگەیاند، كە دوێنێ هەینی دوو كەسی سەر بە جەماعەتی ئیخوانی قەدەخەكراو لە دەلتای نیلی سەر بە شاری تەنتا لەكاتی تێهەڵچوونەكانیاندا لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان کوژران. هەروەها جەماعەتی ئیخوان دەڵێ، یەكێك
لە لایەنگرانی لەخۆپیشاندانێكدا لە ئەسكەندەرییە لەلایەن پۆلیسەوە كوژرا.

دوای لادانی محەممەد مورسی، سەرۆك كۆماری پێشوو لە مانگی تەمموزی رابردوودا، كە سەر بە ئیخوان بوو ، هێرشەكان دژی هێزە ئەمنییەكان دەستیانپێكردەوە .

دوای ئەوە حكومەتی تازە ، جەماعەتی ئیخوانی وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی ناساند، بەڵام ئیخوان دەڵێ هەموو چالاكییەكانیان ئاشتیانەن.

بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆی میسر ، ئەو دوو ئەندامەی ئیخوان لەكاتێكدا كوژران، كە دەورییەكی پۆلیس لە دەرەوەی شاری تەنتا كۆمەڵێك ئەندامی ئیخوانیان بینی، كە خەریكی ئاگرتێبەراندنی خاڵێكی پۆلیسی هاتووچۆبوون.

وەزارەتی ناوخۆی میسر رایگەیاندووە، ئەو كۆمەڵە ئەندامەی ئیخوان بە چەك وەڵامی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانیان دابووەوە، لە ئەنجامدا دووانیان كوژران و سێی دیكەشیان دەستگیركران . بەڵام جەماعەتی ئیخوان هیچ شتێكی لەبارەی ئەو رووداوە رانەگەیاندووە.

لەلایەكی دیكەوە ماڵپەڕی (پارتی ئازادی و دادپەروەری ) باڵی سیاسی ئیخوان موسلمین لە میسر رایگەیاند، كە لایەنگرێكیان بەناوی عەبدولحەكیم زمزمی لەئەنجامی تەقەی هێزەكانی پۆلیسدا ، لەشاری ئەسكەندەرییە كوژرا، ئەوكاتەی بەشداری خۆپیشاندانێكی دەكرد ، دژی لادانی محەممەد مورسی. -












رووداو
Top