پرۆسەی دانوستاندنی ئیسرائیل- فەلەستین "لە مەترسیدایە"
تزیپی لیڤنی، وەزیری دادی ئیسرائیل و بەرپرسی دانوستاندنەكانی نێوان ئیسرائیل لەگەڵ فەلەستین، رایگەیاند، پرۆسەی دانوستاندنەكان لە مەترسیدان، بەڵام پێویستە بەردەوامی پێبدرێت و داواشی لە بەرپرسانی حكومەتی هەردوولا كرد، پەیوەندییەكانیان چڕتر بكەنەوە و رێگە نەدەن پرۆسەكە پەكی بكەوێت.
دوای ئەوەی جۆن كێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەردانەكەی بۆ فەلەستین هەڵوەشاندەوە و تاڕاددەیەك پرۆسەكە ئاڵۆزی تێكەوت، دەسەڵاتدارێتی ئیسرائیل دەیەوێت هەرچۆنێك بێت، گفتوگۆی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل بەردەوام بێت، ئەمە لەكاتێكدایە حكومەتی ئیسرائیل رایگەیاندووە، قۆناخی چوارەمی ئازادكردنی بەندكراوە فەلەستینییەكان لە زیندانەكانی ئیسرائیلدا، هەڵوەشاوەتەوە و ئەنجام نادرێت.
وەزیری دادی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشكردووە، هەفتەی رابردوو بۆ پرۆسەی ئاشتی قەیران بوو، بەڵام دەبێت بەرپرسانی فەلەستینی و ئیسرائیل لە پەیوەندی دوو لایەنەی بەردەوامدا بن، بەتایبەت بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و مەحمود عەباس، سەرۆكی فەلەستین.
رووداو