كۆنگرێسى ئه‌مه‌ریكا توندتركردنی سزا سه‌پێندراوه‌كانی سه‌ر ئێران تاوتوێ ده‌كات

 كۆنگرێسى ئه‌مه‌ریكا توندتركردنی سزا سه‌پێندراوه‌كانی سه‌ر ئێران تاوتوێ ده‌كات
هه‌ندێ له‌ یاریده‌ده‌رانى ناو ئه‌نجوومه‌نى پیرانى ئه‌مه‌ریكا ئاشكرایان كرد، جارێ ئه‌نجوومه‌نى پیران هیچ بڕیارێك له‌ سه‌ر تووندتركردنى سزا سه‌پێندراوه‌كانى سه‌ر ئێران نادات تا ئه‌و كاته‌ى به‌ وردى گوێ له‌ جۆن كێرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا نه‌گرێت كه‌ وا بڕیاره‌ له‌ ناو ئه‌م هه‌فته‌یه‌ كێرى له‌ به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نى پیران راپۆرتێكى ورد له‌ باره‌ى وتوێژى ئه‌تۆمى ئه‌مجاره‌ى نێوان وڵاتانى گروپى پێنج كۆیه‌ك و ئێران پێشكه‌ش بكات و دواتر ئه‌نجوومه‌نى پیرانیش بڕیارى كۆتایى خۆى له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌رده‌كات كه‌ سزا سه‌پێندراوه‌كانى سه‌ر ئێران به‌ هۆى به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌یه‌وه‌ تووند بكات یان نا.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ جۆن كێرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا له‌ میانى سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ ئیمارات له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا پێشبینى ئه‌وه‌ى كرد، كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ چه‌ند مانگى داهاتوو وڵاتانى گروپى پێنج كۆیه‌ك و ئێران رێككه‌وتنێكى ئه‌تۆمى واژوو بكه‌ن، كێرى گوتیشى: دواى ئه‌وه‌ى ئاژانسى نێوده‌وڵه‌تى وزه‌ى ئه‌تۆمى له‌گه‌ڵ ئێران رێككه‌وتنێكیان واژوو كرد ئه‌مه‌ بۆ خۆى ئاماژه‌یه‌كه‌ له‌وه‌ى ڕه‌نگه‌ له‌ چه‌ند مانگى داهاتووش رێككه‌وتنێكى ئه‌تۆمى له‌ نێوان وڵاتانى گروپى پێنج كۆیه‌ك و ئێران واژوو بكرێت.

هه‌ر له‌ درێژه‌ى قسه‌كانیدا وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا، ئیسرائیل و ئه‌و وڵاته‌ عه‌ره‌بییانه‌ كه‌ هاوپه‌یمانن له‌گه‌ڵ واشنتۆن له‌وه‌ دڵنیا كرده‌وه‌ كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌مه‌ریكا رێگا نادات به‌رژه‌وه‌ندى و ئاسایشیان بكه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ولییام هیگ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى بریتانیا له‌ وته‌یه‌كدا له‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانى وڵاته‌كه‌ى هۆشدارى ئه‌وه‌ى دا كه‌ ئێران دووچارى سزاى زۆر تووند ده‌بێته‌وه‌ گه‌ر ناگاته‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ وڵاتانى گروپى پێنج كۆیه‌ك و گوتیشى: فشاره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش بۆ سه‌ر ئێران به‌رده‌وامى ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى بگاته‌ رێككه‌وتنێكى ئه‌تۆمى له‌گه‌ڵ وڵاتانى گروپى پێنج كۆیه‌ك، له‌ هه‌مان كاتدا وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى بریتانیا ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، گه‌ر بێت و ئێران به‌ شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌تایى بگاته‌ رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ وڵاتانى گروپى پێنج كۆیه‌ك ئه‌وه‌ بێ گومان له‌ به‌رامبه‌ریشدا وڵاته‌ زڵهێزه‌كانى جیهانیش سزا و گه‌مارۆ ئابوورییه‌كانى سه‌ر تاران كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌ یان هه‌ڵیشى ده‌گرن. ئه‌م وته‌یه‌یى هیگ دواى ئه‌وه‌ دێت كه‌ ده‌نگۆى ئه‌وه‌ بڵاوبووه‌، كه‌ ئێران له‌ رێككه‌وتنێكى سه‌ره‌تایى ئه‌تۆمى له‌گه‌ڵ وڵاتانى گروپى پێنج كۆیه‌ك نزیك بووه‌ته‌وه‌.
Top